بەشیر حەداد: هیچ لایەنێكی سیاسی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەكردوە
  2021-05-29       329       

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دۆخی گشتی ئێستای عێراق یارمەتیدەرە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییەكان، حكومەت و كۆمسیۆن رازین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و هیچ لایەنێكی سیاسیش داوای دواخستن یاخود هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكانی نەكردوە.

ئاوێنە: بەشیر حەداد، ئەمڕۆ شەممە، بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی وتوە، وێڕای ئەوەی لێدوانی رۆژنامەوانی زۆر هەن لەلایەن هەندێك كەس و لایەن بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ داواكارییەكی رەسمی بۆ ئەو مەبەستە پێشكەشی پەرلەمان نەكراوە.

رونیشیكردۆتەوە، ئەگەر حكومەت یاخود سەرۆكایەتی كۆمار داوایەكی لەو جۆرە بخەنەڕو یاخود داواكارییەكە لەلایەن 10 پەرلەمانتار یان یەكێك لە لیژنە تایبەتمەندەكانەوە پێشكەش بكرێت، ئەوا بەپێی ماددەی 60ی دەستور، پەرلەمان دەست دەكات بە رێكارەكان.

جەختیشی كردۆتەوە كە زۆربەی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریكراوەو هیچ لایەنێك داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكەی نەكردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×