ھاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە راگەیەنراوێکی حوسیەکانی رەتکردەوە سەبارەت بە کوژرانی دەیان سەربازی سعودیە لە ھێرشێکی حوسیەکاندا بۆناو خاکی ئەو وڵاتە.
ئاوێنە: ھاوپەیمانیی عەرەبی ئەو ھەواڵەی بە ھەڵبەستراو و بێبینەما ناوبردوە. تورکی مالکی وتەبێژی ھاوپەیمانیی عەرەبی ئاماژەی بەوەشکردوە حوسیەکان لە ھەردو پارێزگای مەئرەب و جەوف زیانی بەرچاویان پێکەوتوەو لە ماوەی ٦ مانگیشدا زیاتر لە ٤ ھەزار ئامێری حوسیەکانیان لەناوبردوە. رۆژی شەممە حوسیەکان کوشتنی زیاتر لە ٨٠ سەربازیی سعودیەیان راگەیاند لە ئۆپراسیۆنێکدا لە ناوچەی جازانی سەر سنورەکانی باشوری سعودیە.
لەلایەکی ترەوە حوسیەکان ئاماژەیان بەوەشکردوە کە بۆ رۆژی دوەم فڕۆکەخانەی مەلیک خالیدیان لە باشوری سعودیە کردۆتە ئامانج و ئامانجەکانیشیان بە وردی پێکاوە.