عێراق بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانى بۆ ئێران گەڕاندەوە
  2021-05-30       938       

وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانى وڵاتەکەى بۆ گەڕاندونەتەوە بەو مەرجەى لە کڕینى ڤاکسینی دژە کۆرۆنادا خەرج بکرێت.

ئاوێنه‌: رەزا ئەردکانیان وەزیری وزەی ئێران ئاشکرای کرد، حکومەتی عێراقی ١٢٥ ملیۆن دۆلاری پارەی بلۆککراوی بۆ وڵاتەکەی بە ئامانجی کڕینی ١٦ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا گێڕاوەتەوە.
ئاماژەى بەوەشکردوە، گەڕانەوەی پارە بلۆککراوەکانى وڵاتەکەی لە عێراقدا لەئەنجامی گفتوگۆو هەوڵێکی دوورو درێژ بووە لەگەڵ بەرپرسانى عێراقو بانکی بازرگانی عێراقی.

ئەو وەزیرەى ئێران روونیشیکردوەتەوە کە هەفتەی داهاتوو رێکارە ئیدارییەکان تەواو دەبن و کاروانێکی ڤاکیسنی کۆرۆنا رادەستی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەکرێت و بەشێک لە شایستە داراییەکانی وڵاتەکەی بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا خەرج دەکرێت.

بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ملیۆنان دۆلارى ئێران لە عێراق دا بلۆککران و عێراقیش پابەند کرا بە بلۆککردنى ئەو پارانە ئەگەر ئەوەى نەکرد ئەوا سزای عێراقیش دەدرێت و پارەکانى لە ئەمریکاو ئەوروپا بلۆک دەکرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×