ته‌ندروستی عێراق له‌باره‌ی "نه‌خۆشی قارچكی ره‌ش" دڵنیایی ده‌دات
  2021-05-30       220       
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م هاوڵاتیان ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌، نه‌خۆشی قارچكی ره‌ش كه‌ نه‌خۆشیه‌كی مه‌ترسیداره‌ و له‌هیندستان بڵاوبوه‌ته‌وه‌، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ نیه‌ و به‌هۆی ره‌چاونه‌كردنی پاك و خاوێنیه‌وه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌.

ئاوێنە: عه‌بدولئه‌میر حلفی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ته‌ندروستی گشتی له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ رایگه‌یاند، قارچكی ڕه‌ش نه‌خۆشییه‌كی زۆر ده‌گمه‌نه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆئه‌ندامی به‌رگری هه‌یه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیشی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌.

وتیشی، "هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و نه‌خۆشه‌ بۆ پیسبونی ژینگه‌ له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئێستاش كه‌ له‌ هیندستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ بۆ ره‌چاونه‌كردنی پاك و خاوێنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، تا ئێستاش هیچ حاڵه‌تێك له‌و نه‌خۆشیه‌ له‌ عێراق تۆمارنه‌كراوه‌".

پێشتر لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، لیژنه‌ی ڕاوێژكاریان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی قارچكی ڕه‌شی په‌یوه‌ندیدار به‌ كێشه‌ی سیستمی به‌رگری جه‌سته‌ پێكهێناوه‌ و ده‌ركه‌وتوه‌، له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی توشی كۆرۆنا بون نه‌خۆشیه‌كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بگوازرێته‌وه‌.

دكتۆر ئه‌مجه‌د ئه‌لخولی راوێژكاری نه‌خۆشیه‌ گوازراوه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاندبو، قارچكی ڕه‌ش جۆرێكی قارچكه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌، به‌ڵام ده‌گمه‌نه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ هۆی هه‌ندێك نه‌خۆشیه‌وه‌ یان ده‌رمانه‌وه‌، به‌رگری جه‌سته‌یان كه‌مبوه‌ته‌وه‌.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×