پاش 12 ساڵ نه‌ته‌نیاهۆ له‌ پۆسته‌که‌ى دوورخرایه‌وه‌
  2021-05-31       322       
به‌ زۆرینه‌ى پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان و پارته‌ میانڕه‌و، چه‌پ و راستڕه‌و و ته‌نانه‌ت پارته‌ عه‌ره‌بییه‌کانیش له‌ئیسرائیل هاوپه‌یمانییه‌کى په‌رله‌مانییان پێکهێنا که‌ له‌ 62 کورسى په‌رله‌مان پێکهاتون و له‌سه‌ر پێکهاته‌ى کابینه‌ى حکومه‌تیش گه‌یشتنه‌ رێککه‌وتن، به‌وه‌ش دواى 12 ساڵ بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رکرده‌ى پارتى لیکود و سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل له‌پۆسته‌که‌ى دورده‌خرایه‌وه‌.

ئاوێنە: ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 30ى ئایارى 2021، میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویانکرده‌وه‌، نافتالى بێنێت، سه‌رکرده‌ى پارتى یامیناى راستڕه‌و رازیبو په‌یوه‌ندى به‌ به‌ره‌ى هاوپه‌یمانێتیى یایر لاپید، سه‌رکرده‌ى پارتى یه‌ش ئاتیدى ئیسرائیله‌وه‌ بکات.
فراکسیۆنه‌که‌ى نافتالى بێنێت که‌ خاوه‌نى ته‌نها حه‌وت کورسى په‌رله‌مانه‌ کاریگه‌ریى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر داهاتووى حکومه‌تى ئیسرائیل ده‌بێت و به‌ڵێنى پێدراوه‌ بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ ببێته‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل.

هاوپه‌یمانییه‌که‌ى یایر لاپید پێکهاته‌یه‌کى فره‌لایه‌نه‌ له‌ پارتى میانڕه‌و، چه‌پ و راستڕه‌و و ته‌نانه‌ت پارتێکى عه‌ره‌بیش پێکهاتوه‌، ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌ دانوستان و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى پرسى فه‌ڵه‌ستین هه‌یه‌.

هاوکات بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رکرده‌ى پارتى لیکود و سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل له‌په‌یامێکدا رایگه‌یاند، حکومه‌تى نوێى ئیسرائیل که‌ نه‌فتالى بێنیت بۆ ماوه‌ى دو ساڵ و یایر لاپیدیش بۆ ماوه‌ى دو ساڵى دیکه‌ سه‌رۆکایه‌تى ده‌که‌ن، سه‌رکه‌وتو نابێت و ناتوانێت ئیسرائیل له‌ مه‌ترسییه‌کانى ئێران و حه‌ماس بپارێزێت.

كنێست په‌رله‌مانى ئیسرائیل ژماره‌یان 120 ئه‌ندامه‌ و زۆرینه‌ى بڕیاره‌کانى تایبه‌ت به‌ وڵاته‌که‌ له‌وێوه‌ ده‌رده‌چێت.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×