لە عێراق 31 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
  2021-06-02       197       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی توشبوانی نوێی كۆرۆنا زیاتر بون لەوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوەو هاوكات 31 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 46 هەزارو 905 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان چوار هەزارو 583 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتربون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە چوار هەزارو 311 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 31 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون و ژمارەیان پێنج كەس بوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 210 هەزارو 105 كەس و لەوانە 16 هەزارو 436 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو یەك ملیۆن و 125 هەزارو 110 كەسیان چاكبونەتەوەو 68 هەزارو 559 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 384 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×