بەرهەم ساڵح: عێراق بەهەمانگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار بۆ گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی دەكات
  2021-06-02       342       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی بانكی نێودەوڵەتی رایگەیاند، حكومەتی عێراق كاردەكات لەسەر پلانی چاكسازی و بەگژاچونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە فەرید بلحاج، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی بانکی نێودەوڵەتی لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باشوری ئەفریقا و وەفدێكی یاوەری.

لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لەگرنگی بەهێزکردنی هاریکاری نێوان عێراق و بانکی نێودەوڵەتی و پشتیوانیکردن لە چاکسازی دارایی و ئابوری کە پەیوەستە بە بەرزکردنەوەی تواناکان، هاوکات دوپاتکرایەوە لە ھەماھەنگی و کارکردن لە پێناو بەگژاچونەوەی گەندەڵی و پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت و سود وەرگرتن لە سامانی مرۆیی بەتایبەتی گەنجان لە پرۆسەی بونیادنانی ئابوری و گەشەپێدان.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح دوپاتیکردەوە کە حکومەتی عێراق کار لەسەر پلانی چاکسازی ئابوری و چاککردنی کێشە و کەموکورتییەکانی ئابوری نیشتمانی و بەگژاچونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق دەکات بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ھەروەھا کار دەکات بە ئاڕاستەی فەراهەمکردنی داواکاری هاوڵاتیان و باشکردن و زامنکردنی دۆخی گوزەران و روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکان تایبەت بە ئابوری و گۆڕانکاری کەشوهەواو پاراستنی ژینگە بەو پێیەی بنەمایەکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ئابوری بە هەماهەنگی و سود وەرگرتن لە شارازاییە نێودەوڵەتییەکان.

لەلای خۆیەوە فەرید بلحاج بەگرنگییەوە باسی لە هاوبەشی بانکی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق کردو جەختیکردەوە لە پابەندبونی بانکی نێودەوڵەتی لەپشتیوانیکردنی چاکسازی بنەڕەتی کە عێراق کاری بۆ دەکات، ھەروەھا راوێژو یارمەتی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ھێنانەدی ئەو ئامانجە خستەڕو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×