دانیمارك یاسایەکی دژەپەنابەری "توند" دەردەکات
  2021-06-04       653       
خۆپێشانانێك لەکۆپنهاگن بۆ پشتگیری پانابەران، ۱۹ی ئایاری ۲۰۲۱، فرانس پرێس
پەرلەمانی دانیمارك یاسایەکی دەربارەی مافی پەنابەریی لەو وڵاتە پەسەند کرد، یەکێتی ئەوروپاش ڕه‌خنه‌ له‌بڕیاره‌كه‌ ده‌گرێت. 

ئاوێنه‌، هه‌لگورد سه‌مه‌د: بەگوێرەی یاساکە هەر داواکارێکی پەنابەریی بچێتە دانیمارك، دوای تۆمارکردنی داواکەی دەنێردرێ بو وڵاتی سێیەم و لەوێ لەکەمپێکی تایبەتدا دەهێڵرێتەوە تا دۆسیەی پەنابەرییەکەی لەلایەن حکومەتی دانیمارکەوە یەکلایی دەکرێتەوە. ئەگەر داواکەی قبوڵ بکرێت دەبرێتە دانیمارك، ئەگەریش ڕەتبکرێتەوە داوای لێ دەکرێ بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی. 

یاسای لەو جۆرە لەئەوروپادا بێ پێشینەیە، لەهیچ وڵاتێکی دیکەی ئەوروپادا نییە. حکومەتی سۆشیەڵ-دیمواکراتی سەرۆکوەزیران مێت فرێکدریکسن بەم یاسایە سیاسەتی وەرگرتنی پەنابەری لە وڵاتەکەیدا هێندەیتر بەرتەسککردەوە. 

تا هەنووکە هیچ وڵاتێك لەناوخۆی ئەوروپاو دەرەوەش ئامادە نییە پێشوازی لەداواکارانی پەنابەریی وڵاتی دانیمارك بکات، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە کەوا گفتوگۆیان لەگەڵ نزیکەی 10 وڵات کردووە، ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتەش باس لەچەند وڵاتێکی ئەفریقی لەوانە وڵاتانی میسر، ئەسیوپیا، ئەریتیریا و ڕوەندا دەکەن.

یەکەم کاردانەوەی دەرچوونی یاساکە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا بوو کە وتەبێژەکەی ئەدالبێرت ژانز وتی، "ئەمە شتێکی نەکردەیەو پرسیاری قوڵ لەسەر پرۆسەی پەنابەری و پاراستنی داواکارانی پەنابەریی دروست دەکات".

وتەبێژەکەی یەکێتی ئەوروپا ڕاشیگەیاندووه‌، یەکێتییەکە بەقووڵی تاوتوێی ئەو یاسا دانیمارکییە دەکات.

حکومەتی دانیمارک بەتەمایە کارتی پەنابەری "ئیقامە"ی ئەوانەش نوێ نەکاتەوە کە پێیوایە وڵاتەکانیان له‌ئێستادا ئارامە، لەناویشیاندا بەشێك لەسورییەکان هەن.

چەند ساڵێکە دانیمارك سیاسەتی پەنابەریی زۆر توند کردووە. لەساڵی 2015دا 10 هەزار پەنابەری وەرگرتووە، لە 2019دا 761 پەنابەرو لە 2020دا تەنیا 600 پەنابەری وەرگرتووە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×