پارێزگارانی هەولێر و دهۆک راگەیەنراویان بڵاوکردەوە
  2021-06-05       439       
هەریەک لەپارێزگاری هەولێر و دهۆک راگەیەنراویان لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی "پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆسەر کاروانێکی هێزەی پێشمەرگە" بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی هێرشەکە و شەهیدکردنی پێشمەرگەیان کردوە.

ئاوێنه‌: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، هێرشی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ شه‌رمه‌زار كرد و رایگه‌یاند، ھێرشکردنە سەر هێزی پێشمەرگە، ھێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستانه‌ و پێویستە سنورێک بۆ‌ ئه‌م رەفتارانەی پەکەکە دابنرێت، كه‌ بونه‌ته‌ هۆى نه‌هامه‌تی و دروستکردنی کێشە و گرفت بۆ هاوڵاتيیان.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی پارێزگاری هه‌ولێردا هاتوه‌، په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وام ئارامى و سه‌قامگيريى هەرێمی کوردستانیان خستوه‌تە بەر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو شەھیدانە دەکەین و هیوای زوچاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

لای خۆیەوە، عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هێرشی په‌كه‌كه‌ی بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوری قه‌زای ئامێدی به‌توندی شه‌رمه‌زار كرد و داوای له‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ كرد، خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ جێبهێڵن، كه‌ به‌ مه‌یدانی خه‌باتی خۆیان ده‌زانن.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگاری دهۆكدا هاتوه‌، "هێرشی ئه‌مڕۆی 5ی حوزه‌یرانی 2021ی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئه‌ركی فه‌رمییدا و له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سنوری پارێزگای دهۆك ،به‌توندی شه‌رمه‌زار و ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و هاوخه‌می خۆمان بۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان راده‌گه‌یه‌نین و هیوای سه‌لامه‌تی بۆ برینداران ده‌خوازین".

ئەمڕۆ دوای روداوی شەهیدبونی پێنج پێشمەرگەو برینداربونی حەوتی دیکە، ناوەندی چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، گەریلاکانیان بە مەبەستی هۆشدارییدان بە هێزەکانی سەر بە پارتی بە چەکی سوک تەقەی ئاسمانیان کردوە و بۆیان ڕون نەبوەتەوە، کە ئەو زرێپۆشەی چەکدارەکانی پارتی بە مینی ئەوان یان بە بۆردومانی تورکیا زیانی پێگەیشتبێت.

ناوەندی چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "گەریلاکانیان بە مەبەستی هۆشدارییدان بە چەکدارەکانی پارتی، بە چەکی سوک تەقەی ئاسمانیان کردوە، بەڵام زرێپۆشێکی چەکدارەکان گوێی نەدا بە هۆشدارییەکانی گەریلا و بەردەوام بو لە پێشڕەویی".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×