كەنەكە: هەموو لایەنە كوردستانییەكان بە هەڵوێست بن و ڕۆڵی ئەرێنی ببینن
  2021-06-05       368       

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، داوا لە هەموو هێز و كەسایەتییە كوردستانییەكان دەكەین بە هەڵوێست بن و ڕۆڵێكی ئەرێنی ببینن.

ئاوێنه‌: كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، زیاتر لە 40 ڕۆژە لەشاخی مەتینا و ناوچەكانی دەوروبەری، شەڕێكی سەخت لەنێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی هەپەگەدا بەردەوامە، ئامانجی دەوڵەتی توركیا و ئەنجامەكانی ئەو شەڕە ئاشكران، سوپای توركیا، خەڵكی ناوچەكەو دێ و دێهات و ژینگەی ناوچەكەشی كردووەتە ئامانجی شەڕەكەی خۆی و لەهەوڵی ئەوەدایە هەموو ناوچەكە داگیر بكات، هەتا ئێستا 22 گوندی كورد و كلدانیان چۆڵكراون و زەوی و باخەكانی خەڵك و دارستانی ناوچەكە سوتێنراون. زیاتر لە 1500 كەسی خەڵكی ئەو گوندانە ئاوارە بوون.

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە ڕاگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوەشداوە،”ئەركی هەرە گرنگ و بەپەلە ئەوەیە ڕێگەنەدرێت كێشەكە گەورەتر بكرێت و ببێتە هۆكاری شەڕێكی ناوخۆیی، گەلی كوردستان و دۆستانی كورد بە هەستیارییەوە لە دۆخەكە دەڕوانن، پێویستە بە هەموو شێوازێك هەوڵ بدەین گرژییەكان گەورەتر نەبن، فراوانبوونی ڕووداوەكە دڵی خەڵكی كوردستان و دۆستانی دۆزەكەی دەسووتێنێت و دڵی نەیارانی خۆش دەكات و پێویستە هەموو كێشە و ئاڵۆزییەكانی نێوان هێزە كوردستانییەكان لە ڕێگای دیالۆگەوە چارەسەربكرێن. بۆ ئەو مەبەستەش، نزیكەی ساڵێكە ئێمە لە هەوڵی ئاشتی و دیالۆگی ناوخۆییداین. كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان و كۆمەڵێك كەسایەتیی كوردستانیی، كۆمیتەیەكی دیالۆگی ناوخۆییان پێكهێنا و كەوتنە هەوڵدان و هەتا ئێستاش بەردەوامن”.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو،”ئێمە وەك كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان داوا لە هەردوو لایەن دەكەین كە كێشەكە بە ڕێگای دیالۆگ چارەسەر بكەن. هەروەها داوا لە هەموو هێز و كەسایەتییە كوردستانییەكان دەكەین لەو بوارەدا بە هەڵوێست بن و ڕۆڵێكی ئەرێنی ببینن”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×