قوباد تاڵەبانی: تا ئێستاش باجی شەڕی خۆكوژی و ئاڵۆزییەكانی رابردومان دەدەین
  2021-06-06       356       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە شەهیدبون و برینداربونی ژمارەیەك پێشمەگەر لە چیای مەتینا، رایگەیاند، روداوەکەی چیای مەتینا روداوێکی دڵتەزێن بو. دەشڵێت، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆکوژی و ئاڵۆزییەکانی رابردومان دەدەین. ئەگەر لەم قۆناغەشدا بەردەوام بین لەسەر هەڵە کوشندەکانی رابردو بێگومان دەرەنجامەکەی شکست و بێهیواییەکی گەورەتر دەبێت بۆ هەمو کورد. داواش دەكات "ژیرانە و خەمخۆرانە و کوردانە و بەرپرسیارانە کێشەکان چارەسەر بکەین."

ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە پەیامێكدا وتی"روداوەکەی چیای مەتینا روداوێکی دڵتەزێن بو کە بوە مایەی نیگەرانی و پەرۆشی هەمو کوردێکی دڵسۆزو نیشتمانپەروەر."

وتوشیەتی"گەلەکەمان لە رابردودا تاڵی و ناخۆشی زۆری بینیوە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان لایەنە کوردییەکانەوە، بۆیە حەق نییە ئەم گەلە خێرنەدیوە لەوە زیاتر توشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بکرێت. دۆخەکە وا دەخوازێت هەمو لایەکمان لە قسە و کردار و هەڵوێستماندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و لەم دۆخەدا لە هەموكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و بیركردنەوەی ورد و دان بەخۆداگرتن هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و گەلی كورد بەگشتی لەو مەترسیانەی هەن پارێزراوبێت."

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی كردۆتەوە كە "بەرهەمی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی رابردومان تەنیا شکست و بێهیوایی بوە بۆ گەلەکەمان، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆکوژی و ئاڵۆزییەکانی رابردومان دەدەین. ئەگەر لەم قۆناغەشدا بەردەوام بین لەسەر هەڵە کوشندەکانی رابردو بێگومان دەرەنجامەکەی شکست و بێهیواییەکی گەورەتر دەبێت بۆ هەمو کورد."

وتوشیەتی"ئێستا هەمو لایەکمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەداین و دەبێت هەمو هەوڵێکمان بە ئاراستەی چارەسەرکردن بێت نەک ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە؛ با ژیرانە و خەمخۆرانە و کوردانە و بەرپرسیارانە کێشەکان چارەسەر بکەین."

لە کۆتاییدا وتویەتی"لەدڵەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری پێشمەرگە شەهیدەكانی چیای مەتینا دەكەم و هیوای زو چاكبونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازم و هیوادارم بە حیکمەت و دانایی پێش بە دوبارەبونەوەی روداوی دڵتەزێنی دیکە بگرین."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×