پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، دو كارمەندی پۆلیسی بەرگری شارستانی قەڵادزێ لەكاتی
هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرێك لە داغڵودان و پوش و پاوەنی گوندێكی سنورەكەدا،
سوتاون.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە
راگەیەندراوێكدا وتی"کەمێک پێش ئێستا دو کارمەندی بنکەی پۆلیسی بەرگری
شارستانی ڕاپەڕین لە قەڵادزێ بە ناوەکانی (ڕ.پ7/ رەسوڵ ئەحمەد ڕەسوڵ) لەدایکبوی ساڵی
1972 دانیشتوی قەڵادزێ گەڕەکی ئاشتی و (ڕ.پ7/ بایز ئەحمەد بایز) لەدایکبوی ساڵی
1969 دانیشتوی قەڵادزێ گەڕەکی خانەقا بەسوتاوی گەیەندرانە نەخۆشخانە."
پۆلیسی راپەڕین وتوشیەتی، بەوتەی خۆیان پاش ئەوەی دەرچون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی
ئاگرێک لە دەغڵ و دان پوش و پاوەنی گوندی ناودەشت هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیانداوە
لەو کاتەدا ئاڕاستەی بایەکە بەڕوی خۆیاندا پێچەوانە بۆتەوە بەوهۆیەشەوە سوتاون.
پۆلیس ئەوەشی خستۆتەڕو"برینداری یەکەم دەست و قاچ و دەموچاوی سوتاوە و
برینداری دوەمیش دەموچاو و قۆڵی چەپی سوتاوە، بەهۆی زۆری سوتاویەکەیان بڕیاردرا بەڕێبکرێن
بۆ سلێمانی."