راگەیەندراوێكی توند لە كەجەكەوە: پارتی هەوڵی رزگاركردنی توركیا لە تێكشكان دەدات
  2021-06-06       1857       

کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) رایگەیاند، پارتی بە گەمارۆدانی ناوچەكانی گەریلا "هەوڵ دەدات دەوڵەتى تورک لە تێکشکاندن و روخان رزگار بکات" بەوەش "ئامانجی دەوڵەتی تورک و ئامانجەکانی پارتی بونەتە یەک." دەشڵێت"هیچ جیاوازییەک لەنێوان هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتی تورک و گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا لەلایەن پارتییەوە نییەو تەنها رۆڵ و نەقشیان جیاوازە، رۆڵی دەوڵەتی تورک چەکوشەو رۆڵی پارتیش سندانە."

ئاوێنە: هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە کاتێکدا شەڕی گەریلا لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چڕ بوەتەوەو سوپای تورک بە بنبەست گەیشتوە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە دژی ناوچەکانی گەریلا دەستی بەهێرشی گەمارۆدان کرد. لە ئەنجامی ئەوەدا لەنێوان هێزە تایبەتەکانی پەدەکەو گەریلا شەڕ رویدا."

وتوشیەتی"پارتی بەو هەڵوێستەى خۆی، بەشێوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بەشداری شەڕ بوە، ئەوە هاوبەشیکردن و شەریکایەتییە لە شەڕدا، کە تاوەکو ئێستا بەشێوەکی شاراوە بەڕێوەدەچو، بەڵام ئیدی ئاشکرا بوە، پەدەکە بەو کارەی هەوڵ دەدات دەوڵەتی تورکی هاوبەشی خۆی لە تێکشاندن و روخان رزگار بکات، بۆ ئەوەش ناوچەکانی گەریلا گەمارۆ دەدات."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێستا ئامانجی دەوڵەتی تورک و ئامانجەکانی پەدەکە بونەتە یەک. شەریکایەتی لە شەڕیشدا لەچوراچێوەی بون بە یەکی ئامانجەکانیاندایە. ئامانجەکەشیان ئەوەیە، گەریلا لەو شوێنانەدا، کە ماوەی 40 ساڵە تیایدایەتی، بە شەڕ بێکاریگەر بکەن تاوەکو نەتوانێت لە دژی دەوڵەتی تورک تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەببات. هیچ جیاوازییەک لەنێوان هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتی تورک و گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا لەلایەن پەدەکەوە نییەو تەنها رۆڵ و نەقشیان جیاوازە، رۆڵی دەوڵەتی تورک چەکوشەو رۆڵی پەدەکەش سندانە."

كەجەكە پێی وایە "دەبێت هەمو کورد لە دژی پارتی هەڵوێست وەربگرن." و وتوشیەتی"ئەو ئەرکەى دەکەوێتە ئەستۆی رۆشنبیران، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران، رێكخراوە دیموکراتیکەکان و گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان ئەوەیە، کە لە دژی ئەو هێرشانەى پارتی هەڵوێست وەربگرن."

دەقی راگەیەندراوەكە...

راگەیەندراوى هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە)

پەدەکە هەوڵ دەدات دەوڵەتى تورک لە تێکشکاندن و روخان رزگار بکات
لە کاتێکدا شەڕی گەریلا لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چڕ بوەتەوەو سوپای تورک بە بنبەست گەیشتوە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە دژی ناوچەکانی گەریلا دەستی بەهێرشی گەمارۆدان کرد. لە ئەنجامی ئەوەدا لەنێوان هێزە تایبەتەکانی پەدەکەو گەریلا شەڕ رویدا. پەدەکە بەو هەڵوێستەى خۆی، بەشێوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بەشداری شەڕ بوە، ئەوە هاوبەشیکردن و شەریکایەتییە لە شەڕدا، کە تاوەکو ئێستا بەشێوەکی شاراوە بەڕێوەدەچو، بەڵام ئیدی ئاشکرا بوە، پەدەکە بەو کارەی هەوڵ دەدات دەوڵەتی تورکی هاوبەشی خۆی لە تێکشاندن و روخان رزگار بکات، بۆ ئەوەش ناوچەکانی گەریلا گەمارۆ دەدات.

ئامانجی دەوڵەتی تورک و پەدەکە بوەتە یەک
ئێستا ئامانجی دەوڵەتی تورک و ئامانجەکانی پەدەکە بونەتە یەک. شەریکایەتی لە شەڕیشدا لەچوراچێوەی بون بە یەکی ئامانجەکانیاندایە. ئامانجەکەشیان ئەوەیە، گەریلا لەو شوێنانەدا، کە ماوەی 40 ساڵە تیایدایەتی، بە شەڕ بێکاریگەر بکەن تاوەکو نەتوانێت لە دژی دەوڵەتی تورک تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەببات. هیچ جیاوازییەک لەنێوان هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتی تورک و گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا لەلایەن پەدەکەوە نییەو تەنها رۆڵ و نەقشیان جیاوازە، رۆڵی دەوڵەتی تورک چەکوشەو رۆڵی پەدەکەش سندانە.

هەپەگە زۆر جار داوای لە پەدەکە کردوە دەست لە سیاسەتی گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا هەڵبگرێت، بەڵام لەبەرئەوەى لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە هاوکاریدایە، دەستی لەو سیاسەتەی هەڵنەگرتوە. بەتایبەتی لە هەستیارترین ساتەکانی شەڕی نێوان گەریلاو دەوڵەتی تورکدا دەستوەردان دەکات و هەوڵ دەدات دەوڵەتى تورک، کە لاواز بوە هێزی بەبەردا بکاتەوە. بەو شێوەیە پشتگیری لە داگیرکەریی پاکتاوکاری دوژمنی کوردان دەکات، کە ئەوە وەک روڕەشی لە مێژوی گەلی کورددا دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا، کە پەدەکە دەیویست لەگەڵ ئێمە چاوپێکەوتن ئەنجام بدات، گفتوگۆ لەسەر کێشەکان بکات و هەندێک چاوپێکەوتنیش ئەنجامدران، گرتنەبەری هەنگاوێکی لەو شێوەیە بە مانای فریودان و پیلانگێڕییە لە دژی بزوتنەوەکەمان.

پەدەکە لە هەر شەڕو لە دەستدانێک بەرپرسیارە
ئاشکرایە گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا بۆ دابڕاندنی ناوچەکانی گەریلایە لەیەکتر، ئەوە بە مانای راگەیاندنی شەڕە لە دژی گەریلا. چەند رۆژ لەوە پێش فازڵ میرانی، بەرپرسێکی پەدەکە وتی، دەبێت لە دژی گەریلا شەڕبکرێت. ئەو وتەیە بۆ خۆی ئەوە نیشان دەدات، کە بۆ کارێکی لەو شێوەیە ئامادەکارییان کردوە، بۆیە پەدەکە لە رودانی هەر شەڕو لە دەستدانێک بەرپرسیارە.

رای گشتیی کورد باش دەزانێت، کە دەوڵەتی تورک ماوەیەکی درێژە بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هێرش ئەنجام دەدات. گەریلا لە دژی ئەو ھێرشانە بەشێوەیەکی فیدایانە بەرخودانێکی بێ هاوتای نیشانداوە. دوەمین گەورە سوپای ناتۆ لە هەندێک ناوچەى سەر سنوردا چەقیوە. گەریلا بە رێبازو تاکتیکی نوێ، تەکنیک و هێزی شەڕی سوپای تورکی پوچ کردوەتەوە. سەرباری ئەوەى راستییەکە بەوشێوەیەیە، پەدەکە هەڵدەسێت ئەو بەرخودان و داگیرکەرییەی دەوڵەتی تورک وەک یەک نیشان دەدات. بەتایبەتی لەبارەی داگیرکەرییەوە هیچ ناڵێت، بەڵام گەریلا تاوانبار دەکات. مەسرور بارزانی لەناو پەدەکەدا هەمو جارێک باس لە دوژمنایەتیی خۆی بەرامبەر بە پەکەکە دەکات، بۆ ئەوەى ئەنجومەن (پەرلەمان) لە هەولێر لە دژی داگیرکەری هەڵوێست نیشان بدات هیچ داوایەکی لێیان نەبو، بەڵام داوا دەکات لە دژی گەریلا هەڵوێست وەربگرن. بەو داوایە عەقڵییەت و سیاسەتی خۆی خستەبەرچاو. ئاشکرایە ئەوە عەقڵییەت و هەڵوێست و سیاسەتی کورد نییە.

پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک غەفڵەتێکی مێژوییە
زۆر جار ئەوە سەلمێنراوە، کە باشوری کوردستان لەلایەن پەکەکەوە دەپارێزرێت. کەس ناتوانێت قسە لەسەر خواستی پەکەکە بۆ پاراستنی باشوری کوردستان بکات. کاتێک داعش خۆی گەیاندە بەردەم هەولێر، گەریلا دەستێوەردانی کرد. مەسعود بارزانی سوپاسی گەریلای کردو دەوڵەتی تورکی تاوانبار کرد، کە لەدژی داعش پشتیوانیی نەکردون. لەناو راستییەکی وەهادا تاوانبارکردنی گەریلا، کە لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بەرەنگاری و بەرخودان دەکات پێچەوانەکردنەوەى راستییەکانە. پشتیوانیکردن لە گەریلا بە لایەک، بەڵام پشتیوانیکردن لەدەوڵەتی تورک بە سوکترین قسەو وتە، بە مانای غەفڵەتێکی مێژوییە.

ئەوەى دەبێت هێزە سیاسییەکان و پەرلەمانی باشور ئەنجامی بدەن، ئەوەیە لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدەن و داوا لە دەوڵەتی تورک بکەن بە خێرایی لە خاکی کوردستان بڕواتە دەرەوە. لەبری ئەوەى ئەو کارە بکەن، دەوڵەتی تورک و گەریلا وەک یەک نیشان دەدەن و داوا لە گەریلا دەکەن دەست لە بەرخودان هەڵگرێت و دەست لە ناوچەکانی بەرخودان بەردات. ئەو داوایە خزمەت بە سیاسەتی دەوڵەتى تورک دەکات، چونکە دەوڵەتى تورک دەیەوێت بە پاکتاوکردنی بزوتنەوەى ئازادی کوردان پاکتاو بکات و بیانسڕێتەوە.

دەبێت هەمو کورد لە دژی پەدەکە هەڵوێست وەربگرن
ئەو ئەرکەى دەکەوێتە ئەستۆی رۆشنبیران، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران، رێکخراوە دیموکراتیکەکان و گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان ئەوەیە، کە لە دژی ئەو هێرشانەى پەدەکە هەڵوێست وەربگرن. داوا لە گەلی کوردو هێزە سیاسییەکان دەکەین، کە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدەن. ئەم کات و قۆناغە بۆ گەلی کورد کاتێکی مێژوییە. لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرو پاکتاوکار، کە سەرۆکایەتی بۆ دوژمنایەتیکردنی کوردان دەکات، ئەگەر هەڵوێست نیشانبدرێت و تێکۆشان بەڕێوەببرێت، ئەوا داهاتوی گەلی کورد لە هەر چوار پارچە روناک و ئازاد دەبێت. ئەگەر لەدژی ئەو هێرشە پاکتاوکارییە هەڵوێستی هاوبەش نەبێت و تێکۆشان بەڕێوەنەچێت، ئەوا هەر چوار پارچەکەی کوردستان دەکەونە بەر مەترسییەکی گەورە. دەبێت هەمو کوردێک ئەو مەترسییە ببینێت و بە بەرپرسیاریی مێژویی بجوڵێتەوە.

هێرشکردنە سەر مەخمور ئەنجامی سیاسەتی هاوبەشی دەوڵەتی تورک و پەدەکەیە
ئەو رۆژەى پەدەکە بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک دەستی بە گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا کرد، دەوڵەتى تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر مەخموری بۆردومانکرد. ئەوە ئەنجامی سیاسەتی هاوبەشی دەوڵەتى تورک و پەدەکەیە، کە لە دژی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بەڕێوەی دەبەن. پەدەکە بۆ خۆی دو ساڵە کامپی مەخموری گەمارۆداوە، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیش ئەو کامپە گەمارۆدراوە بۆردومان دەکەن. پەدەکە لەوێدا بەو گەمارۆدانە بە رۆڵی سندان هەڵدەستێت. ئەگەر کامپێکی پەنابەرانی سیاسی گەمارۆ بدرێت، ئەوا دەوڵەتى تورکیش پشت بەو گەمارۆدانە دەبەستێت و بەوە رەوایی بە هێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر کامپەکە دەدات.

خەڵکی مەخمور بە راپەڕین لە دژی زوڵم و جەردەوانیی دەوڵەتی تورک لە هەڵوێستی خۆیاندا بۆ کوردستانی ئازاد پێداگرییان کردو کۆچیان بۆ باشوری کوردستان کرد. دەوڵەتی تورک رێک ئەو زوڵم و هێرشە لە باکوری کوردستان لە دژی گەل ئەنجامی دەدات دەیگوازێتەوە بۆ سەر مەخمور. لە باکوری کوردستان بۆ چی هێرش دەکاتە سەر گەل لە مەخموریش بۆ هەمان ئامانج هێرش دەکاتە سەر گەل. بۆیە دەبێت هەمو کورد لە هەمو شوێنێکدا خاوەنداری و پشتیوانی لەو گەلە بکەن، کە دەیان ساڵە لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و دژواردا خۆیان راگرتوەو سازش لەسەر کوردایەتی، ئازادی و هەڵوێستی شکۆمەندانە ناکەن. دەبێت لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لەهەمو شوێنەکاندا راپەڕن. رۆژ رۆژی تێکۆشانە، لە هەمو شوێنێکدا هەمو رۆژێک لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک راپەڕن.

گەلی کورد، هێزە سیاسی و رێکخراوە دیموکراتیکەکان، دەبێت لە دژی هەڵسوکەوت و رەفتارەکانی پەدەکە، کە خۆی خستوەتە بەر دەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار، لە هەمو شوێنێکدا هەڵوێست وەربگرێت و لە دژی داگیرکەری، بە بەهێزی پشتیوانی لە تێکۆشانی گەریلا بکرێت. ژنان و گەنجان لە هەمو شوێنێکدا لە دژی داگیرکەری پاکتاوکاری دوژمنی کوردان، لە ریزی پێشی پێشەوەی تێکۆشاندا بن، کۆمەڵگە بخەنە ناو جموجوڵ و بە رۆڵی مێژویی خۆتان هەستن.

هێرش و رێگری و لەمپەرەکان چی دەبن با ببن، بەڵام کاتێک بەرخودان نیشان درا ئەوا گەلی کورد بەدڵنیاییەوە بە تێکۆشانی ئازادیی، کوردستانی ئازادو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک دەئافرێنێت. ئەو رۆژە نزیکە، بە بەرخودانی خۆمان لە هەمو شوێنێکدا ئێمە ئەو رۆژانە زۆر نزیکتر دەکەینەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×