بەرپرسێكی كەمپی مەخمور ئەردۆغان بەدرۆ دەخاتەوە
  2021-06-06       1066       

ئەمڕۆ یەكشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، بەرپرسێكی باڵای پەكەكە بەناوی دكتۆر حسێن لە بۆردومانەكەی دوێنێی كەمپی مەخموردا كوژراوە، بەڵام بەرپرسێكی كەمپەكە دەڵێت: "هیچ کەسێک بە ناوی دکتۆر حسێن لەم كەمپەدا نەبوەو بانگەشەكەی ئەردۆغان ڕاست نییە."

ئاوێنە: نێچیرڤان مەحمود، ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماتی کەمپی ئاوارەكانی شەهید رۆستەم جودی لە مەخمور، ئەمشەو یەكشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا رایگەیاند"رۆژی شەممە لە دەوروبەری سەعات 1:55 بۆ 2:00 هێرشەکە ئەنجام دراوەو هیچ زیانێکی گیانی نەبوە، وێنەو بەڵگە هەن، هەر لە سەرەتاوە ئێمە بانگی هێزەکانی عێراقمان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕوداوە بەڵام لە کاتژمێرە بەراییەکاندا نەهاتن."

نێچیرڤان مەحمود وتیشی: دواتر هێزەکانی عێراق سەردانی شوێنی بۆردومانەکەیان کردو لێکۆڵینەوەیان کردوەو هێشتا دەرئەنجامەکانی ئاشکرا نەکراوە.

نێچیرڤان مەحمود، ئەوەشی خستەڕو: پارچەی موشەکەکان هەمو لەوێدان و وێنەکان وەک بەڵگە، ڕاستییەکان دەسەلمێنن.

وتیشی"بۆردومانکردنی ئەو شوێنە بە ڕێکەوت نەبوە، ئەو جێیەی بۆردومان کراوە جێی یاریکردنی منداڵانە و هەمو زارۆکی كەمپەكە لەوێدا خولی پەروەردەییان هەیە"و وەک ئاماژەی پێكرد "خۆشبەختانە لەکاتی بۆردومانەکەدا هیچ منداڵیک لەوێ نەبوە."

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک كۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی"سەلمان بۆزقیر کە بە دکتۆر حسێن ناسراوەو بەرپرسی گشتی پارتی کرێکارانی کوردستان بوە لە كەمپی مەخمور، لە ئاکامی بۆردومانەکەی ڕۆژی شەممەی تورکیا بۆ سەر كەمپەكە، کوژراوە."

نێچیرڤان مەحمود، لەوبارەیەوە وتی"هیچ کەسێک بە ناوی دکتۆر حسێن لەم كەمپەدا نەبوەو ئیدعای ئەردۆغان ڕاست نییە، ئەمە هەموی بەشێکە لە پیلان و سیاسەتەکانی ئەردوغان بۆ داگیردنی کوردستان."

نێچیرڤان وتیشی، دانیشتوانی كەمپی مەخمور لەو کاتەوەی ئاوارە بون و بونەتە پەنابەر، هەمو ئەو شتانەو مەترسیەکانی وەک مردن، کوشتن، تینوێتی و برسێتییان لەبەرچاوی خۆیان داناوە.

نێچیرڤان مەحمود وتیشی"راستە هێرش کراوەو لەوانەشە دیسان هێرش بکرێتەوە بەڵام ئێمە ئیرادەی خۆمان ڕادەستی دەوڵەتی تورک ناکەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×