سەفین دزەیی: هێزی پێشمەرگە لایەنگری شەڕو پێکدادان نین، بەڵام دەبێت پەکەکەش بەخۆیدا بچێتەوەو خۆی بەخاوەن ماڵ نەزانێت
  2021-06-07       592       

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک لایەنگری شەڕ و پێکدادان و گرژی نیین، بەڵام دەبێت پەکەکەش بەخۆیدا بچێتەوە و خۆی بەخاوەن ماڵ نەزانێت".

 

ئاوێنە: سەفین دزەیی دەربارەی هۆکاری گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییەی نێوان هێزی پێشمەرگەو گەریلاکانی هەپەگە بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو بە تایبەتی لە سەرەتای شەڕی داعشدا هەتا ئەمڕۆ دووچاری کۆمەڵێک کێشە بووە و شەڕێکی بەرفراوانی هەزار کیلۆمەتری ڕووبەڕووی داعش بووەوە و هەزار و 800 شەهیدمان هەبووە و 10 هەزار بریندارمان هەبوو، وە دوای شەڕی داعش ڕاستە مەترسیەکانی داعش و سەرهەڵدانەوەی داعش هەتا ئێستاش لە ئارادایە و جموجۆڵیان زۆرە بەڵام بەو شێوەی جاران نەبووە، تۆزێک نەفەس هاتەوەبەر هێزەکانی پێشمەرگە ، ئەو شوێنانەی پێشتر ناوچەکانی سنور و ئەو ناوچانانەی کە پێشمەرگەی لێـیبوو بەهۆی شەڕی داعش بەشێکی زۆر لەو پێشمەرگانە کشێنرابوونەوە کە بچنە بەرەی جەنگ لە خوارووتر ڕووبەڕووی داعش ببنەوە کاتێک کە ئەو جموجۆڵە دەستیپێکرد ئەو کاتە هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچانە ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و ئەو شوێنانەی کە پێشمەرگە بەجێی هێشتبوون پەکەکە داگیریکردو بووە مایەی ئەوەی پێکدادانان لە نێوان پەکەکە و لەشکری تورکیا بێت و بوویە مایەی ئەوەی کە خەڵکی ناوچەکە دەڤەرەکە بەجێبهێڵن."
راشیگەیاند هۆکاری گرژی نێوان چەکدارانی پەکەکەو هێزەکانی پێشمەرگە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێزەکانی پێشمەرگە ویستوییانە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر چۆڵیان کردبوو، ئەو وتی "بە تایبەتی لە شەش مانگی ڕابردوو ئەو ئۆپراسیۆنانەی سنووری ڕوو لە زیادبوودایە و کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراوی لێ ڕوویدا بەڵام کاتێک کە بڕیاردرا لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش پێشمەرگەکان لە هەندێک شوێن بکشێنرێنەوە و بچنەوە شوێنەکانی خۆیان بەداخەوە پەکەکە ئاستەنگی دروستکرد لە زۆر شوێن بەو مانای کە ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە و ڕێگە نادەن کە پێشمەرگە بچێت، زۆرجاریش باس لەوە دەکەن بەبێ ئاگاداری ئێمە جموجۆڵیان کردووە بێ ئاگاداری ئێمە دێنە ناوچەکانی ئێمە، بە ڕاستی ئەوە قابیلی قبوڵ نییە ئەمەش گرژی دروست کردووە."

وتیشی "پێشمەرگە هەوڵیداوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕوونەوە و توندوتیژی نەبێت بەڵام لە چەندین حاڵەت بووە کە پەکەکە تەقەی لە پێشمەرگە کردووە و بۆسەی داناوەتەوە و ڕێگاکانی مین ڕێژ کردووە و دەستدرێژی کردۆتە سەر ئەفسەری ئاسایش، لە پارەوە هەتا ئێستا چەندین شەهیدمان هەبووە، ئەوەش بۆتە مایەی ناڕەزایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ و پێکدادان نەبوون بەڵام لە هەمان کاتیش ئەو جۆرە دەستدرێژیانە قبوڵ ناکەن."


سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە دا ئەو دەڤەرە ڕێگای هاتوچۆی هەندێک گوندی بە سەرەوەیە هاوڵاتی هاتوچۆی پێدا دەکەن هەندێک هەواڵ هەبوو کە مینڕێژ کراوەو ئەو تیمەی کە چووبوون تیمی پێشمەرگە تیمی ئەندازیاری بوون و تیمی شەڕکەر نەبوون، ئەو وتی "ئەو ئوتومبێلەی کە تیای بوون خۆی ئوتومبێلەکە ئامێر و دەزگای پشکنینی مینی هەیە و هەڵگرتنەوەی مینی تێدایە و ئوتومبێلەکە تایبەت بووە بەو ئامانجە بەپێی ئەو هەواڵەی کە هەیانبووە چوون ڕێگەکە پاک بکەنەوە دیارە لە نزیک ئەو شوێنە پەکەکە تەقەی لێکردوون و دوای ئەوەش بە ڕۆکێتێک لەو ئوتومبێلەدایە و ئوتومبێلەکەش خۆی درعە، ئەو ڕۆکێتەی کە لە ئوتومبێلەکەدا بوو ئەوە بووەتە مایەی شەهیدبوونی ئەو ژمارەیە و بریندابوونی ئەوانی تر."
هەرچەندە چەند جارێک پەکەکە لە بەیاننامەکاندا جەختییان کردۆتەوە کە بە تەقەی ئەوان ئەو پێشمەرگانە گیانیان لەدەست نەداوە بەڵکو بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بووە. بەڵام سەفین دزەیی جەختیکردەوە کە تەقە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە بە ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە بووە و ئەو قوربانیانەی لێکەوتۆتەوە، لەو ڕوەوە دزەیی وتی "بەڵی لە بەرزایەکەوە لە ئوتومبێلەکەیانداوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی هەواڵگری و ئەو تیمەی کە چوون کەشفیان کردووە، دوای ئەوەش تەقەکردن بەردەوام بووە و سێ تەرمی پەکەکەش لەوێ بەجێماوە، پەکەکە دەڵێت ئێمە تەقەکردنی ئینزارمان داوە کە زیاتر نەیەنە پێش بەڕۆکێت تەقەیانکردووە نەک بە چەکی تر."
وتیشی "خۆیان (کەجەکە) ئازادن چیان نوسیووە لە بەیاننامەکە پێشتریش شتی ناڕەوایەیان خستۆتە پاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هیچ بنەمایەکی نەبووە بەڵام لە بەیاننامەکەی خۆیان دەڵێن ئێمە تەقەی ئینزارمان بەرامبەر پێشمەرگە کردووە کە زیاتر نەیەنەپێش لە ناوچەکانی ئێمە، ئەمە خۆی ئەوەیە کە دەڵێن "عوزر لە قەباحەت گەورەترە" ناوچەکانی ئێمە مانای چی؟! ئێرە هەرێمی کوردستانی عێراقە بەپێی دەستور و بەپێی یاسا هەرێمێکە لە چوارچێوەی عێراقدایه پەرلەمانێکی هەڵبژێردراوی هەیە و حکومەتێکی خۆی هەیە، ناکرێت ڕێگە بدرێت هەر هێزێک بێت و ناوچەیەک بۆخۆی داببڕێت و بڵێت ئەوە ناوچەی منە و هیچ کەسێک بۆی نییە بێتە ئێرە! لە بەیاننامەی یەکەمیان زۆر بە ڕوونی باس لە دەستدرێژیەکەی ئەوان دەکات کە تەقەیان ڕووبەڕووی پێشمەرگە کردۆتەوە و زیاتر نەچنە پێش چونکە ئەوە ناوچەی ئەوانە کە ئەوە بەیانی خۆیانە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک لایەنگری شەڕ و پێکدادان و گرژی نیین، بەڵام دەبێت پەکەکەش بەخۆیدا بچێتەوە و خۆی بەخاوەن ماڵ نەزانێت، پەکەکە لە باکورەوە هاتۆتە ئێرە و دەیەوێت ئیدارە و ئیرادەی خۆی فەرز بکات، دادگا و زیندانی خۆی داناوە و ئایدیۆلۆژیای پەکەکە لەوێ لە قوتابخانەکان بڵاودەکاتەوە ئەوانە بە ڕاستی قابیلی قبوڵ نییە."

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هۆکاری ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد و وتی "لە ڕاستیدا ئەگەر لە ساڵی 1992 وە تەماشا بکرێت هەبوونی پەکەکە و ئەو شەڕە فراوانەی کە لە ناو تورکیای دەکرد ئەو کاتە ئێستا بوونی نەماوە لەوانەیە 95% ی تورکیا توانیبێتی کۆنتڕۆڵی بارودۆخی ناوخودی تورکیا بکات، شەڕەکە ئێستا لە تورکیا سنوری بەزاندووە هاتۆتە هەرێمی کوردستان، بەپێی بەیاننامەی فەرمی دەوڵەتی تورکیا هۆکاری هەبوونیان لە هەرێمی کوردستان پەکەکەیە، با پەکەکە ئەو بەهانەیە نەداتە دەست تورکیا، با پەکەکە لەو ناوچانە دوور بکەوێتەوە مادەم بەردەوام نییە لە شەڕی چەکداری جارو بار تەقەیەک لەوێ و تەقەیەک لەملا دەکرێت."
وتیشی "لە بنەڕەتدا مۆدەی ئەو جۆرە خەباتە نەماوە چونکە تەکنەلۆژیای سەردەم وایکردووە بە کامێرا و بە درۆن و ئەوانە خاڵ بەخاڵ کەشف دەکرێت بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتن بەدەست نایەت زیاتر لەماڵوێرانی و ئاوارەیی و گیان لەدەستدانی ئەو گەنجانەی بە باوەڕەوە ڕوویان لە چیا کردووە و چەکیان هەڵگرتووە ئەوان زەرەرمەندی یەکەمن."


سەبارەت بە هەواڵی بڕینەوەی درەختەکانی ناوچەی بادینان لە لایەن لەشکری تورکیاوە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم وتی "بە دڵنیاییەوە ئەوە کارێکی زۆر زۆر ناڕەوا و ناپەسەند و دوورە لە هەموو عورف و عاداتی دیپـلۆماسی و دراوسێتی و بە هەموو شێوەیەک قبوڵکراو نییە و ئێمە ناڕەزایەتی خۆمان بە چەندین ڕێگای تایبەت و فەرمی ئاگاداری لایەنەکانی تورکی کردۆتەوە، لە هەمان کاتیشدا ئەوەی کە لێی ئاگادار کراینەوە دیارە هەندێک ڕێگای سەربازی بۆ ئەو ناوچانە ڕادەکێشن یاخود ڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسان بێت، ئەو قۆنتەراتچییانەی کە ئیشەکان دەکەن و دارەکان دەبڕنەوە، ئیستغلالیشیان کردووە داری تریش ببڕن بۆ ئەوەی کە سوودی لێوەربگرن ئێمە لەگەڵ پارێزگای دهۆک لەگەڵ والی شرناخ لە ڕێگەی کونسوڵیە ئاگاداری لایەنە فەرمییەکانمان کردۆتەوە کە ئەوە قابیلی قبوڵ نییە لایەنەکانی تریش لە بەغداد لە سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان لە حکومەت ئەو ناڕەزاییە دەربڕاوە."

وتیشی "ئێستا پێدەچێت کە دەست بپارێزن و ئەو کارە (داربڕین) ڕابگیرێت ئەگەر هەروا بەردەوام بێت ڕایبگرن شتێکی باشە بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورت بێت و دەستپێبکاتەوە ئەو کاتە هەڵوێستمان دەبێت، داربڕینەکە وەک وتم ڕاگیراوە و بڕیاریشە لیژنەیەکی هاوبەش لە پارێزگای دهۆک و شرناخ دابەزێت و بەدواداچوونێک بۆ ئەو کارە بکەن. "

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×