كشتوكاڵی هەرێم و ئێران تاوتوێی كێشەی ئاوی سیروان و زێی بچوک دەكەن
  2021-06-07       582       

وەفدێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بە سەرۆكایەتی وەزیری وەزارەتەكە لە ئێرانن و ئەمڕۆ دوشەممە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی ئەو وڵاتە كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانەش كێشەی ئاوی روباری سیروان و زێی بچوك.

ئاوێنە: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ لە میانی سەردانە فەرمیەکەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەئامادەبونی بریکاری وەزارەت و تیمێکی باڵای وەزارەتمان، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران کۆبوینەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو،  لەم کۆبونەوەیەدا کە مورتەزا رەزایی، جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران بۆ بەرهەمی ئاژەڵی و زۆربەی  بەڕێوەبەرانی گشتی تایبەتمەند ئامادە بون، لە نێوان هەردولادا جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوندییەکان و هەماهەنگی لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکان کرایەوە، بەتایبەتی له بوارەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی کشتوکاڵی و پەروەردەکردنی ئاژەڵ و توێژینەوە لەسەر ئاژەڵی دەرەکی، بەتایبەتی مانگای هۆڵشتاین و گونجاندنی لەگەڵ کەشوهەوای وڵاتی ئێران و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم لەڕوی شیرو گۆشتی سورو کەرتی دەواجن و هەنگوین و بنەتۆ و گاوداری و بەرهەمەکانی لەقوتونان و پرۆژەکانی بەرهەمی کشتوکاڵی لەڕێگەی خانوی پلاستیکی.

بێگەرد تاڵەبانی وتوشیەتی، هەروەها لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەماندا باسی وشکەساڵی و کێشەی ئاوی سیروان و زێی بچوکمان کرد کە سەرچاوەکەی لەوڵاتی ئێراندایە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بۆ مەبەستی سودوەرگرتن لە پرۆژەکانی بونیادنانی بەنداوەکان و ئاودێری، بانگێشتی کۆمپانیاکانی ئێرانمان کرد بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەماهەنگی و بەرهەمهێنان بکەن لە بواری پرۆژەکانی کشتوکاڵی و ئاودێری.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×