عەلی حەمەساڵح دەڵێت: داهاتی خاڵە سنورییەكان كەمی كردوەو مەترسی لەسەر موچە هەیە
  2021-06-07       564       

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزه‌و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لە ئەنجامی بەدواداچونیدا بۆی دەركەوتەوە كە داهاتی خاڵە سنورییەكان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر كەمی كردوەو ئەگەر چارەسەر نەكرێت كاریگەری گەورە دەكاتە سەر دابەشكردنی موچە.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەم لە داھات و جوڵەی بازرگانی خاڵە سنورییەکان کرد، داھاتی باشماخ و پەروێزخان بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر کەمی کردوە.

ئاشكراشیكردوە، لێكۆڵینەوەمان لە حەوت رۆژی ئەم مانگە كرد، پێشتر داھاتی پەروێزخان 26 ملیار دیناری مانگانە بو، باشماخ 22 ملیار دینار بو، بەپێی ئەم حەوت ڕۆژە نزیکەی لەسەدا 75 ئەم داھاتانە کەم دەکات.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پێشتر لە پەروێزخان ڕۆژانە تێکڕا نزیکەی 800 بارھەڵگر  گومرگ دەکران، ئێستا بوە بە 80 بارھەڵگر، بەلێکدانەوەی ڕۆژانە گومرگ لەسەدا 85 بۆ 90 كەمی كردوە.

هەروەها وتوشیەتی، پێشتر ڕۆژانە جگە لە ڕێگای قاچاخ، لە باشماخ تێکڕا نزیکەی 700 بارھەڵگر گومرگ دەکرا، بەڵام ئێستا نزیکەی 300 بارھەڵگرە، بەمەش داھاتی گومرگ زیاتر لە لەسەدا 50 کەمی کردوە.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی كردۆتەوە"ئەم کەمکردنە بەشێوەی دیکە لە خاڵە سنورییەکانی تریش ھەیە." هۆشداریشی داوە"ئەگەر ئێستا چارەسەر نەکرێت کاریگەری گەورە دەکاتە سەر دابەشکردنی موچە."

سەبارەت بە هۆكاری كەمبونەوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان سەرۆكی لیژنەی وزه‌و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان وتویەتی"عێراق بە پلانێکی تۆکمە کار بۆ ڕاگرتنی جوڵەی بازرگانی ھەمو مەرزەکانی ھەرێم دەکات، چاوپۆشی و ئاسانکاری زۆردەکات و ئێستا بازرگانەکانی ھەرێمیش دەچن بۆ مەرزەکانی تر لە مونزریەوە تاوەکو ئوم قەسر."

بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح "بۆ نمونە لە عێراق ئاساییە سەرو 40 تەنیش لە بار ھەڵگرێکدا باردەکرێت.. چاوپۆشی لە ئۆتۆمبیلی لێدراو دەکرێت. لە عێراق کار بە تەعریفەی گومرگی ناکرێت، بارێک گومرگی لە باشماخ 7500 دۆلار بوە لە ئوم قەسرەوە ھێناویانەتە سلێمانی بە 2500 دۆلار."

وتوشیەتی"ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا بە 13 ناوی جۆراوجۆر پارە وەردەگرن لە خاڵە سنوریەکان و ئەمەش بوە بەکولفە لەسەر بازرگان و دەیەوێت لێی دەرباز ببێت، تەنیا سکانەر لە خاڵی سنوری و بازگەکان لە پارساڵدا نزیکەی 105 ملیۆن دۆلار بوە."

بۆ چارەسەری ئەو دۆخە، عەلی حەمەساڵح، وتویەتی، عێراق خۆی کار بەتەعریفە گومرگی ناکات، ھەرێمیش دەبێت ھەندێک پێداچونەوە بکات، لەوانە: پێداچونەوە بە لیستی ئەو کاڵایانەدا بکرێت کە قەدەغەکراون و بە فەرمی و گومرگ بێت ئێستا بە قاچاخ دێت، وەک ھێلکەو خورما، پێداچونەوە بە نرخی گومرگی ئەو کاڵایانەدا بکرێت، بەھۆی گرانیەوە بە قاچاخ دێن، وەک جگەرە کە لەسەدا 95ی بەقاچاخ دێت، پێداچونەوە بە لیستی ئەو کاڵایانە بکرێت حیمایەی ئینتاجیان لەسەرەو لەھەرێمەوە داخڵ نابن و لە ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە دێن.

وتوشیەتی"خۆگونجاندن و لەسەدا 100 کار بە تەعریفەی گومرگی نەکرێت و پێداچونەوە بەکاری ئەو کۆمپانیانەدا بکەێت لە خاڵە سنورییەکان کە  بە 13 ناوی جیاواز پارە وەردەگرن و ساڵانە نزیکە 600 ملیۆن دۆلارە! حکومەت 15 مانگە بڕیاری بۆ دەرکردوەو جێبەجێنەکراوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەم سەرنجانە بایەخی پێنەدرێت ئەو خاڵە سنوریانەی ھەرێم توشی زیانی گەورە دەبن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×