"پارتی هێزێکی زۆر ڕەوانەی حاجی ئۆمەران دەکات"
  2021-06-07       1387       

بەپێی میدیاكانی نزیك لە پەكەكە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی كردوە بە رەوانەكردنی هێزێكی زۆر بۆ دەڤەری "بەردەناز"ی سەر بە حاجی ئۆمەران كردوەو لە ئێستاشدا بەردەوامە لە رەوانەكردنی هێز بۆ ئەو ناوچەیە.

ئاوێنە: ماڵپەڕی رۆژنیوز، ئەمشەو دوشەممە، لە هەواڵێكی بەپەلەدا نوسیویەتی"لە ئێوارەی ئەمڕۆەوە، پارتی دەستی کردوە بە ڕەوانەی کردنی هێزی سەربازی بۆ حاجی ئۆمەران."

ماڵپەڕەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ناوچەكەوە وتویەتی"پارتی هێزێکی زۆری بۆ دەڤەری بەردەناز لە حاجی ئۆمەران ڕەوانە کردوە و بەتایبەتی جوڵەی ئەو هێزانە لە شەودا زیادیان کردوە."

رۆژنیوز نوسیویەتی"پارتی هێزەکانی ڕەوانەی ئەو ناوچانە دەکات کە گەریلای لێیەو لە هەوڵدایە ئەو ناوچانە گەمارۆ بدات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەو هێزەی ڕەوانەی حاجی ئۆمەران کراوە، هێزی زێرەڤانین."

حاجی ئۆمەران لە سەر سنوری نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان هەڵکەوتوەو ناوچەی قەندیل و خنێرە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

رۆژی شەممە 5ی ئەم مانگە، میدیای رەسمی پەكەكە، بڵاویكردەوە كە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەعات 4ی بەرەبەیانی ئەو رۆژەوە دەستی بە جوڵاندنی هێزێکی زۆری سەربازیی بەرەو ناوچەکانی گەریلا لە مەتینای سەربە ئامێدی كردوەو ئەو هێزانەى پارتیش زرێپۆش، ئامبولانس، حەفارە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ناوچە سەختە شاخاوییەکانی تێدایە.

دوابەدوای ئەوەش ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری دابوە پارتی و وتبوی"ئەو هێزانە دەیانەوێت بێنە ناو مەیدانەکانی هێزەکانمان لە مەتینا، ئێمە لە بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بە نیازە کوردستان داگیر بکات بەرخۆدان دەکەین، داوا لەو هێزانە دەکەین کە لە پشتەوە خەنجەرمان لێنەدەن و خوێنی خۆشک و برا نەڕیژن، بۆیەش داواکەمان ئاڕاستەی گەل و هێزەکان دەکەین."

دواتر وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە ئەنجامی پەلامارەکەی رۆژی 5ی حوزەیرانی 2021 لە چیای مەتین ـ سنوری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێکی پەکەکەوە دەستدرێژیەکی بێ پاساویان کرایە سەرو لەئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بون و حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربون."

بەگوێرەی وێنەكانی هێرشەكە كە دواتر بڵاوكرانەوە، لە هێرشەكەدا ئۆتۆمبێلێكی سەربازی پێشمەرگە كرابوە ئامانج، بەڵام هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) رەتیكردەوە ئەوان ئەو ئۆتۆمبێلەیان كردبێتە ئامانج و داوایكرد، "شاندێكی هاوبەش یان سەربەخۆ" لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×