مستەفا قەرەسو: گەریلا لەدژی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکات با پارتی خۆی تێنەهاوێت
  2021-06-08       1074       

مستەفا قەرەسو، ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەکەناڵی ئاسمانیی مەدیا خەبری راگەیاند "گەریلا لەدژی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکات با پارتی خۆی تێنەهاوێت".

 

ئاوێنە: قەرەسو سەبارەت بەشەڕو روداوەکانی ئەم دواییەی نێوان پێسمەرگەو گەریلا، وتی "ئەوە هێرشێکە، کە تورکیا و پەدەکە پێکەوە پلانیان بۆ داناوە. هەر یەکەیان بە رۆڵی خۆی هەڵدەستێت. رۆڵێکیان بە پەدەکە و رۆڵێکیان بە تورکیا داوە. لە پشت ئەوانیش هێزە نێونەتەوەییەکان هەن. لەسەر ئەو بنەمایە هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن. لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا پەدەکە هەوڵ دەدات هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا گەمارۆ بدات و خۆی بخاتە نێوان ناوچەکانی گەریلا و ناوچەکانی گەریلا لە یەکتر داببڕێت. ئەوە ناوەرۆک و جەوهەری پلانەکەیە، لەوەدا پەدەکە دەبێت بە سندان و دەوڵەتی تورکیش هێرش دەکات و دەبێتە چەکوش و دەیانەوێت بەو شێوەیە بزووتنەوەی ئازادی پاکتاو بکەن".

وتیشی "ئێستا رۆڵێکی وەهایان لە ئەستۆ گرتووە. لە گارە ناوچەکانی گەریلایان گەمارۆدا. ساڵی پار گەمارۆیەکی لەو شێوەیەیان ئەنجامدا. لە گارەش قەیرانێکی هاوشێوە روویدا. لەوێ شەڕ روویدا، بەڵام سنووردار بوو و دواتر ئارام بوویەوە. ئێستا بە هێرش بۆ سەر مەتینا، زاپ و ئاڤاشین ئەو هێرشەیان بەرفراوانکردووە. ئەو هێرشە ئیدی هێرشێک نییە بۆ سەر سەنگەرێک و بەرەیەک. دەیانەوێت پەکەکە پاکتاو بکەن و لەمپەری بەردەم پاکتاوکردنی کوردان لاببەن. دەیانەوێت بەو جوڵە و دیدە دوا قۆناغی پیلانگێڕییەکەیان بە ئەنجام بگەیەنن. دەیانەوێت بە پاکتاوکردنی پەکەکە ئەو پیلانگێڕییەی لە ساڵی ١٩٩٩ لە سوریا دەستیان پێکرد بە ئاکام بگەیەنن. دەبێت ئەو جوڵە و دیدە بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە و شیکاریی بۆ بکرێت".

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، گەریلا فیداییانە لە دژی ئەو هێرشانە بەرەنگاری و بەرخودان دەکات و وتی، "لە گارە بەرەنگاری و بەرخودانیان کرد، لە حەفتانین بەرەنگاری و بەرخودانیان کرد. دەوڵەتى تورک نەیتوانی بەو هێرشانە ئەنجام بەدەست بهێنێت و بە ئامانجەکەى بگات. مانگ و نیوەکە دەوڵەتى تورک لە هێرشەکانیدا چەقیوە و بە بنبەست گەیشتووە، ئەو وتی "بەڵێ، دەوڵەتی تورک سەرباری ئەوەى بە هەموو توانا و هێزی خۆیەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی گەریلا، بەڵام بە بنبەست گەیشتووە. بەرخودانی گەریلا بەرخودانی فیداییانەیە. دەوڵەتى تورک کەوتوەتە ناو زلکا و زۆنگاوەوە. مانگ و نیوێکە دەوڵەتی تورک جگە لە جێگیربوونی لە هەندێک خاڵ لەسەر سنووردا، نەیتوانیوە بەرەو پێش بڕوات، چونکا گەریلا هەموو رۆژێک گورزی لی دەدات. سەربازانی تورک لەلایەن گەریلاوە گەمارۆ دراون. هەموو رۆژێک گەریلا گورزیان لێدەدات و لەو دۆخەدان. ئەوە ئاستی بەرخودانی مانگ و نیوێکە. گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا لەلایەن پەدەکەوە بە مانای ئەوەیە، کە پەدەکە بە هانای دەوڵەتی تورکەوە دەڕوات. لە کەش و دۆخێکدا، کە دەوڵەتی تورک بەرەو تێکشکاندن و رووخان دەڕوات و هێرشەکانی پووچ دەکرێنەوە و هەموو رۆژێک گورزی لێدەدرێت، پەدەکە هەوڵ دەدات دەوڵەتی تورک رزگار بکات. بەڕاستیش ئەوە دۆخێکی  جدییە. ئەوە دۆخێک نییە، کە قبوڵ بکرێت".
وتیشی "مانگ و نیوێکە شەڕ زۆر قورس بووە و دەوڵەتی تورک تەنگاو بووە. ئێستا پەدەکە بە هاتنی بۆ ناوچەکانی گەریلا دەیەوێت ئەو تەنگاوییەی دەوڵەتی تورک لاببات و کارێک بکات، کە گەریلا بە خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن. بە ئاشکرا هەوڵ دەدەن گەریلا بە هێزە سەربازییەکانی پەدەکەوە سەرقاڵ ببێت و دەوڵەتی تورکیش لەو سەرقاڵکردنە سوود وەربگرێت و ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئێمە ئەوە دەبینین. پەدەکە چۆن بەرەو پێش دەڕوات؟ دەوڵەتی تورک بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بچووکە چاودێری و هێرشبەرەکانی بە ناوی (سیها / SÎHA) ناوچەکان چاودێری و دیاری دەکەن و دوای ئەوە دەستدەکەن بە هەماهەنگی و فڕۆکەی جەنگی دێت و دەست بە بۆردومان دەکات. هێزەکانی پەدەکە دەیانەوێت لە سایەی ئەو فڕۆکانەى دەوڵەتی تورکدا پێشڕەوی بکەن. ئەوە روون و ئاشکرایە، چونکە پێشمەرگە بە شێوەی ئاسایی ناتوانێت لە دژی پەکەکە شەڕ بکات، بۆیە هێزە تایبەتەکانیان دەهێنن و لە ژێر سایە و پاراستنی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک دا و لە ژێر پاراستنی سیهاکاندا دەیانەوێت بەرەو پێش بێن. باشە شتی وەها دەبێت؟ ئەوە بە مانای چی دێت؟ ئەوە بە مانای ئەوە دێت، کە پەدەکە شانبەشانی تورکیا و راستەوخۆ بەشداری شەڕ بووە. لەلایەکەوە ناتوانێت ئەوە بڵێت، بەڵام ئەوە قبوڵ ناکرێت، بۆیە بەڕاستی دۆخەکە جدییە. بۆ بزووتنەوەى ئازادیمان جدییە. هێزە سەربازییەکانی پەدەکە دەورووبەری گەریلا دەگرن و هەوڵی گەمارۆدانی گەریلا دەدەن. لەو گۆڕەپانەدا هەندێک پەدەکەیی گیان  لە دەست دەدەن. لەهێزە سەربازییەکانی پەدەکە، لەو هێزە تایبەتانە هەندێکیان گیانیان لە دەست دەدەن. سەرەتا وتیان، فڕۆکەى سەربازیی تورک لێی داون. لەبەر ئەوەى لەوێ گەریلا و پەدەکە لە ناو یەکدان، ئەوە رێی تێدەچێت، کە تورکیا بۆردومانی ئەوانیشی کردبێت و ئەگەری ئەوە هەیە شتێکی وەها روویدابێت. ئێمە هێشتا بە باشی نازانین ناوەرۆکی راستی ئەو رووداوە چۆنە، بەڵام خۆیان هەوڵیانداوە ناوچەکانی گەریلا گەمارۆ بدەن، هەوڵیانداوە بڕۆنە ناو کامپەکانی گەریلا و ئەوەش راستەوخۆ بە مانای شەڕە. گەریلا لەو کاتەدا چی بکات؟ باشە ئەو کامپانە رادەست بکات؟ ئەوەی پەدەکە دەیکات بەمجۆرەیە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەریلا لەو ناوچانە دەربکات و پاکتاویان بکات. پەدەکەش دەڵێت، با گەریلا لەو ناوچانە بڕوات و من بێمە شوێنەکانیان. باشە شتی وەها دەبێت؟ ئەوەى دەوڵەتی تورک دەیکات بەو شێوەیەیە و پەدەکەش بەمشێوەیە دەیکات. گەریلا لە بەرامبەر ئەوانەدا چی بکات؟. دەست لەو شوێنانە هەڵگرن و خۆیان رادەست بکەن؟ بێگومان گەریلا لە هەر ناوچەیەکدا بێت لەو ناچەیەدا لە دژی دەوڵەتی تورک بەرەنگاری و بەرخودان دەکات. پەدەکە خۆبەدەستەوەدان بەسەر گەریلادا دەسەپێنێت. ئەوەش خزمەت بە سیاسەتی پاکتاوکردنی دەوڵەتی تورک دەکات".

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×