یەکێتیی زانایان: پێویستە دەستور لەسەر بنەمای ئایینی ئیسلام دابڕێژرێت
  2021-06-08       327       
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەپێویستی ده‌زانێت کە دەستور لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون‌و رەچاوکردنی ئایینی ئیسلام وەک یەکێک لەسەرچاوەکانی داڕشتن‌و رێزگرتن لەتایبەتمەندیی ئایینەکانی دیکەو ئازادییەکانیان دابڕێژرێت بەشێوەیەک ئایین نەکرێتە بابەتێکی سیاسیی.

ئاوێنه‌: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لەشاندێکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان‌و لەکۆبونەوەیەکدا کە وەزیری ئەوقاف‌و کاروباری ئایینی ئامادەی بو، رۆڵی زانایانی ئایینی ئیسلامی لەقوڵکردنەوەی کولتوری پێکەوەژیان و تەبایی و یەکترقبووڵکردنی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان و بیری نیشتمانپەروەری و ئایینپەروەری تاوتوێکران.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پشتگیریی خۆیان بۆ هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پێناو یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان و هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستووردا دووپاتکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەیشداوە کە شاندی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەپێویستیان زانیوە کە پێویستە دەستوور لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و رەچاوکردنی ئایینی ئیسلام وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داڕشتنی و رێزگرتن لە تایبەتمەندیی ئایینەکانی دیکە و ئازادییەکانیان دابڕێژرێت بەشێوەیەک ئایین نەکرێتە بابەتێکی سیاسیی.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە نێچیرڤان بارزانی دوپاتیکردووەتەوە کە کۆمەڵگه‌ی کوردستان کۆمەڵگه‌یەکی ئایینییە، بۆیە مامۆستایانی ئایینی رۆڵ و کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆمەڵگه‌و ئاراستەکردنی هەیەو لەمبارەوە دەتوانن رۆڵی ئەرێنیی خۆیان لە پتەوکردنی بنەما کۆمەڵایەتییەکان و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی و ناتوندوتیژی و رەتکردنەوەی توندڕەویدا بگێڕن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×