ئاوات شێخ جه‌ناب: كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی باشی گه‌شه‌كردنی ئابوری ده‌چێت
  2021-06-08       369       
له‌دو لێدوانی‌ پێچه‌وانه‌دا له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی هه‌رێم ده‌ڵێت، كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی باشی گه‌شه‌كردنی ئابوری ده‌چێت. له‌به‌رامبه‌ردا عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح، په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر به‌په‌له‌و چاكسازیی له‌خاڵه‌ سنورییه‌كان نه‌كرێت، داهاتی دەروازە سنورییەکان کەمدەکات‌و باجەکەشی خەڵکی کوردستان دەیدات.

ئاوێنه‌: له‌میانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ خالد لوم، پاشكۆی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق‌و لیزا پۆدۆنلی، به‌رپرسی به‌شی ئابوری له‌كونسوڵخانه‌ی گشتی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر، ئاوات جه‌ناب نوری ڕایگه‌یاندووه‌، كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی باشی گه‌شه‌كردنی ئابوری ده‌چێت‌و له‌قۆناغه‌كانی داهاتودا زیاتر پشت به‌بواره‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی دیكه‌ی ئابوری ده‌به‌ستن. 

ئه‌و وتانه‌ی‌ وه‌زیری‌ دارایی كه‌ له‌پشكی‌ گۆڕانه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ئەمڕۆ سێشەممە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان كه‌ ناوبراو له‌هه‌مانكاتدا په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕانه‌، له‌کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی له‌دۆخی خاڵە سنورییەکان كردو ئەو مەترسیانەی خسته‌ڕو كه‌ لەسەر ئەو خاڵە سنوریانە هەیەو هۆشداریدا لەبارەی داڕمانی ئەو خاڵە سنوریانه‌و کەمبونەوەی داهاته‌كانیان.

عەلی حەمەساڵح وتی‌، "لەهەر خاڵێکی سنوری بە 13 رێگا پارە لەخەڵک وەردەگرن، تاوەکو 20-10-2019 شتێکی هەبوو پێی دەگوترا تەسڵیحەی گومرگی حکومەت خۆی دەیکرد هیچ کێشەی نەبووە، بەڵام درا بەدوو کۆمپانیا، لەولا کۆریدۆرو لەولاش رۆژان، کە لەیەک ساڵدا 25 ملیۆن دۆلاریان خستە باخەڵیان هیچ ناکەن تەنیا A4 دەفرۆشن. دڵنیایی 25-50 هەزار وەردەگیرێت، لەولا ستار لەولاش کۆمپانیای دڵنیایی ئەوانیش 40 ملیۆن دۆلاریان خستە باخەڵیان. مەنەفێست 25 دۆلار، لێرەو لەولاش ساڵانە 38 ملیۆن دۆلاریان دەخەنە باخەڵیان. سکانەر 35-50 هەزار دینار 100 ملیار دینار دەخەنە باخەڵیان. لەمانگی 3ی 2020ـەوە بەناوی ئۆتۆمبێل تەعقیمکردن 10 دۆلار لەهەر ئۆتۆمبێلێک وەردەگیرێت و لەو رێگەیەوە 20 ملیۆن دۆلاریان لەو ساڵەدا بۆ 3 کۆمپانیا کۆکردووەتەوە، تەنیا لە پەروێزخان 2 ملیار و 400 ملیۆن دیناریان لە 10 مانگدا خستووەتە باخەڵی، لەکاتێکدا بەرپرسی گومرگ پێیگوتم ئەوەی دەرمانەی ئۆتۆمبێلی پێ تەعقیم دەکرێت ئاوە بیهێنن دەیخۆمەوە".
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان باس لەوەش دەکات کۆمپانیا هەن بۆ پشکنینی خۆراک و کاڵا "بڕە پارەیەک لەنێوان 35-10 هەزار دینار وەردەگرن و 100 ملیار دیناریان دەستکەوتووە. کۆمپانیای شەو و رۆژ لەحاجی ئۆمەران 25 هەزار دینار بۆ هەر حاڵتێک وەردەگرێت بەناوی گەشتیاری، کۆمپانیایەکی ئێرانیان هێناوە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکی ترانزێت لەحاجی ئۆمەران لەباشماخ و پەروێزخان لە هەر بارهەڵگرێک 50 دۆلار وەردەگرن. بەناوی نۆژەنکردنەوەی رێگا لە حاجی ئۆمەران 25 دۆلار لەهەر ئۆتۆمبێلێک وەردەگیرێت و ئێستا دەیانەوێت لە خاڵە سنوورییەکانی دیکەش دایبنێن. کۆمپانیا هەیە بەس لە ئیبراهیم خەلیل ئەگەر باشە بۆ لەهەموو شوێنێک دانانرێت بەناوی ئەنتەرتیک بۆ پشکنین بۆ هاوتاکردنی بڕوانامەی بارەکە، لە هەر بارهەڵگرێک 700 بۆ 2 هەزار دۆلار وەردەگیرێت، ئەگەر 10 هەزار حاڵەت بێت 10 ملیۆن دۆلار دەکات".
 
بەوتەی عەلی حەمەساڵح، هەر بەرپرسێکیش گۆڕەپانێکی پێدراوە، کە ئەمە لە هەموو دەروازەکان هەیە، "بۆ نموونە لەئیبراهیم خەلیل گۆڕەپانی بەتون هەیە جگە لە وەرگرتنی پارە لە هەر حاڵتێک، هەر بارهەڵگرێک بەناچاری گازوایلی ئۆتۆمبێلەکەی پێ پڕدەکات بە دوو قات، بەمەش لە ساڵێکدا نزیکەی 35 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت. لەولا کۆمپانیاکانی ئەستێرەکان و ئاسمانی کوردستان هەیە هەر هاووڵاتییەک 5 هەزاری لێدەستێنن بەناوی هەواڵی گەیشتن".
 
بەبڕوای عەلی حەمەساڵح، بەهۆی ئەو گەندەڵیانەی لە دەروازە سنوورییەکان دەکرێت، وایکرد هەرچی بازرگانە کوردستان جێبهێڵن و بچن لە دەروازەی دیکەوە بارەکانیان بهێننە کوردستان بەمەش داهاتی دەروازەکان کەمدەکات.
 
عەلی حەمەساڵح بەپێویستی دەزانێت کۆمەڵێک بڕیاری خێرا بۆ ئەو خاڵە سنوورییانە دەربکرێت و کاری ئەو کۆمپانیایانە و خاڵە سنوورییەکان رێکبخرێنەوە، "ئەگەرنا خاڵە سنووریەکانی کوردستان دادەڕمێن، باجەکەشی بەرپرسان نایدەن، ئەوان رێگەیەکی دیکەی گەندەڵێ دەدۆزنەوە یان زەوی داگیر دەکەن و کۆمپانیای دیکەی نەوتی دادەنێن، بەڵام باجەکەی خەڵکی کوردستان دەیدات".
 
هەر لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەدا "یاسای چاکسازی ناچێتە بواری جێبەجکردن، تاوەکو ئێستا یەک خانەنشینی نایاسایی ئەوانەی بە پلەی عەمیدو عەقید و لیوا خانەنشین کراون، رانەگیراوە، 1169 وەزیر و بریکاری و پلەی تایبەت و باڵا 9 مانگە ناوەکانیان جیاکراوەتەوە، رانەگیراوە، بەهەمان شێوە بۆ توێژەکانی دیکە وەکو شەهید سەنگەر و کەمئەندامی سەنگەر".
 
عەلی حەمەساڵح راشیگه‌یاند، "کاتێک کە سەری مانگ مووچە نادرێت، هیچ حیزبێک با موزایەدە بەسەر خەڵکەوە نەکات، چونکە پارە لەبەر ئەو گەندەڵیانە نییە، ئەگەر دەتەوێت گوشار بکەیت بۆ دانی مووچە، دەبێت گوشار بکەی بۆ ئەوەی ئەو چاکسازیانە بکرێت".
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×