دەربارەی چارەنوسی سمكۆ به‌نه‌فشی داواکارییەک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکرێت: ٥٧ رۆژە لەسلێمانی بێ سەرو شوێنە
  2021-06-09       1044       

 رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان‌و سەرجەم ناوەندو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان دەکات بەدواداچوون بۆ دۆخی سمكۆ به‌نه‌فشی بکەن، کە ماوەی ٥٧ رۆژە لەسلێمانی بێ سەروسوێنە.

 

ئاوێنە:  رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژە بەوە دەکات سمکۆ بەنەفشی، چالاکی سیاسیی کورد و خەڵکی سنە کە کادری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە، رۆژی سێشەمە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ ( ١٣ی ئاوریلی ٢٠٢١) کە بە ئۆتۆمبێلێکی حیزبەکەی و بەمەبەستی راپەڕاندنی ئەرکی حیزبی لە زڕگوێزەوە چووبۆوە سلێمانی، لە ناکاو بێ سەروشوێن بوو.
 کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پاش چوار رۆژ لە رێکەوتی بێ سەروشوێن بوونی  ناوبراو، لەم بارەوە لە راگەیەندراوێکدا وتی کە سمکۆ بەنەفشی لە لایەن هێزێکی ئەمنی سلێمانی و بە تۆمەتی سیخۆڕی دەستبەسەر کراوە.
لەو راگەیەندراوەدا باسی وردەکاری سەبارەت بە ئەگەری دەستبەسەربوونی سمکۆ بەنەفشی لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەکراوە. شایانی باسە پێشتر دەستبەسەرکرانی ئەندامانی حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێ ئاگاداری حیزبەکانیان رووی نەدابوو.
بە پێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو سەرەڕای تێپەڕینی ٥٦ رۆژ لە بێ سەروشوێن بوونی سمکۆ بەنەفشی تا ئیستا ناوبراو هیچ چەشنە پێوەندییەکی لە گەڵ بنەماڵە و هاوژینەیەکی کە ئەویش ئەندامی کۆمەڵەیە، نەبووە و ئەوان هیچ زانیارییەکیان لە ناوبراو نیە.
محەممەد بەنەفشی باوکی سمکۆ لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند: ئێمە لە مانگی رابردوودا سەردانی هەموو ناوەندە ئەمنییەتی و سیاسییەکانی سلێمانیمان کردووە و هەموویان وتوویانە کە ئاگاداری چارەنووسی سمکۆ نین. تا ئەوەیکە چەند رۆژ لەمەوبەر پاش سەردانی داواکاری گشتی سلێمانی، بە شێوەی زارەکی ئاگاداریان کردینەوە کە هێزەکانی دژە تێرۆری یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسایەتیی دەستبەسەرکرانی ناوبراویان بە ئەستۆ گرتووە. بەو حاڵەش تا ئێستا نەمانتوانیوە هیچ چەشنە زانیارییەکمان لە دۆخی تەندرووستیی ناوبراو بە دەست بخەین".
هەروەها ژیلا دانشوەر، هاوژینی سمکۆ بەنەفشی لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند:" لە ماوەی ٥٦ رۆژی رابردوو سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام تا ئیستا نەمانتوانیوە سەردانی سمکۆ بکەین و تەنانەت پێوەندیی تەلەفوونیشمان لە گەڵی نەبووە و ئاگاداری دۆخی تەندرووستیی هاوژینەکەم نیم و ئەوەش بۆتە هۆی نیگەرانیی زیاترمان".
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەم راستایەدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دۆخی سمکۆ بەنەفشی، دۆخی بێ سەروشوێن بوونی ناوبراو وەکوو بێ سەروشوێن کردنی زۆرملێ لە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤدا لە قەڵەم ئەدا.
هەنگاو بە ئاماژە بە مادەی ٢ی کونوانسیۆنی جیهانیی پشتیوانی لە کەسەکان لە بەرانبەر بێ سەروشوێن بوونی زۆرەملێ خوازیاری پێڕاگەیشتنی خێرای دەزگای دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دۆخی سمکۆ بەنەفشییە و داوا لە سەرجەم ناوەند و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەولێر ئەکات کە بە شێوەی تایبەت بە دواداچوون بۆ دۆخی ناوبراو بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×