وەزیری دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری گومركەكان تاوتوێی زیادكردنی داهات دەكات
  2021-06-09       311       

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری گومركەكان كۆبوەوەو تاوتوێی زیادكردنی داهات و جوڵەی بازرگانیان كرد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەت، وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی گومركی هەرێمی كوردستان و سەرجەم بەڕێوەبەرەكانی گومرك لەسەر زیادكردنی داهات و جوڵەی بازرگانی كۆبونەوە.

لەسەرەتای كۆبونەوەكە، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری باسی ئاستەنگەكانی بەردەم كاری بازرگانی كرد لە هەرێمی كوردستان و وتی"هەمومان پێكەوە دەتوانین كاری باشتر بكەین لەپێناو زیادكردنی جوڵەی بازرگانی و بە ئامانجی زیادكردنی داهات."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە "هەر لەو كۆبونەوەیەدا، ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوبەری گشتی گومركی هەرێمی كوردستان بەوردی باسی ئاستەنگەكانی كردو پێكەوە ڕێگاچارەسەری گونجاویان دەستنیشانكرد تاوەكو لەو ڕێگەیەوە، رێوشوێنی پێویست بۆ ئاسانکاری و لابردنی ئاستەنگەكان لەپێناو باشترکردن و زیادکردنی جوڵەی بازرگانی و داهات، بكرێت."

لە كۆتایی كۆبونەوەكەشدا، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری، جەختی لەوە كردەوە، كە گومرك سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتە لە هەرێمی كوردستان دەبێت بە هەمومانەوە پارێزگاری لەو داهاتە گرنگە بكەین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×