هەپەگە كوژرانی 13 سەبارزی توركیای لە خواكورك و ئاڤا شین راگەیاند
  2021-06-09       554       

هەپەگە ئاشكرایكرد، لە چەند چالاكییەكی گەریلادا دژ بە هێزەكانی سوپای توركیا لە ناوچەكانی خواكورك و ئاڤا شین لە باشوری كوردستان، 13 سەربازی ئەو وڵاتە كوژراون و سیانی دیكەش برینداربون.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوێنێ سێشەممە، "هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی شەهید دەلال" لە ناوچەى مەتینا لە ئاسمانەوە سەربازانی توركیایان لەسەر شاخی ئازاد کردە ئامانج و لێیاندان و چالاکییەکە سەرکەوتوانە بەڕێوەچو.

ئەوەشی خستۆتەڕو، رۆژی 7ی ئەم مانگە لە چالاكییەكی گەریلادا لەناوچەی خواكورك سەربازێكی توركیا كوژراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هەمان رۆژ لە ناوچەی وەرخەل لە هەرێمی ئاڤا شین لە چالاكییەكی گەریلادا دژ بە هێزێكی سوپای توركیا، دو سەرباز كوژراون.

راگەیەندراوەكەی هەپەگە ئاماژەی بەوەداوە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە هەمان ناوچە، لەچالاكییەكی گەریلادا سێ سەربازی توركیا كوژراون و دواتر سەنگەرێكی سوپای توركیا هەر لەو شوێنە كراوەتە ئامانج و لە ئاكامدا سەربازێك كوژراوەو دوانی دیكە برینداربون و دوای ئەوەش هەر لە هەمان شوێن هێرش كراوەتە سەر سەنگەرێكی دیكەی سوپای توركیاو لە ئاكامدا گەریلا چونەتە سەر سەنگەرەكەو شەش سەرباز كوژراون و یەكێكی دیكەش بریندار بوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×