خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا: دەستگیركردنی نوێنەری ئێمەو پەیەدە لەهەولێر دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات
  2021-06-10       638       

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان)، رایگەیاند، داوای ئازادكردنی نوێنەری خۆیان و دو ئەندامی پەیوەندییەكانی پەیەدە دەكات كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەكاتی چونیان بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركراون و تا ئێستا چارەنوسیان دیار نییە. دەشڵێت: دەستگیركردنی ئەو هەڤاڵانەمان دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

ئاوێنە: فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان)، كەمێك لەمەوبەر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، كاتێك بەرەو فڕۆكەخانەی هەولێر رۆیشتون ،هەریەكە لە نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا جیهاد حەسەن و هەردو ئەندامی پەیوەندییەكانی پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە) مستەفا خەلیل و مستەفا عەزیز لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سەربە حكومەتی هەرێمەوە دەستگیركراون.

وتوشیەتی، وێڕای هەوڵەكانمان بۆ زانینی چارەنوسی ئەو هەڤاڵانەمان بەڵام تاوەكو ئێستا چارەنوسیان نادیارە بەبێ ئەوەی لایەنە ئەمنییەكان هیچ رونكردنەوەیەك لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنیانەوە بدەن.

جەختیشی كردۆتەوە، پێمانوایە ئەم رێكارانە دۆخەكە ئاڵۆزترو رەوتی گفتوگۆكانیش لاواز دەكەن و هیوادارین هیچ لایەنێك لە باشوری كوردستان و لەم دۆخە هەستیارەدا نەكەونە داوی ئەو پڕۆژەی فیتنەیەوە كە توركیا بەڕێوەی دەبات بۆ پێكدادانی نێوان كوردو كوردو پەكخستنی رەوتی ئەو وەرچەرخانە مێژوییەی كە پرسی كورد پێی گەیشتوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، داوای كردوە چارەنوسی ئەو هەڤاڵانەیان ئاشكرابكرێت و ئازادبكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×