كاتی دادگاییكردنی بەدەل بەرواری، چالاكوانی دەستگیركراوی بادینان، پێشدەخرێت
  2021-06-11       531       

بەپێی قسەی پارێزەرەكەی، كاتی دادگاییكردنی مامۆستا بەدەل بەرواری، چالاكوانی دهۆك كە ماوەی 10 مانگە دەستگیركراوە، لەسەر داوای ئەمان بۆ مانگی داهاتو پێشخراوەو دەشڵێت: تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان" دراوەتە پاڵ مامۆستا بەدەل، هەمان ئەو تۆمەتەی كە پێشتر پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسی بادینانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن پێ سزادرا.

ئاوێنە: ئاسۆ هاشم، پارێزەری مامۆستا بەدەل بەرواری، ئەمڕۆ هەینی بە ماڵپەڕەی رەسمی یەكێتی راگەیاند: دادگای دوی تاوانەكانی هەولێر رۆژی 17ی ئابی 2021ی بۆ دادگاییكردنی مامۆستا بەدەل بەرواری دانابو، بەڵام داوایەكمان ئاڕاستەی داگای تاوانەكانی هەولێر كردوەو كاتی دادگاییكردنی بۆ 29ی 7ی 2021 پێشخراوە."

وتیشی: ماوەی 10 مانگە مامۆستا بەدەل بەرواری دەستگیركراوەو لەلایەن دادوەرەوە وتەی وەرگیراوەو هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە كە سزا بدرێت، چونكە ئەو لەبەردەم دادوەر رایگەیاندوە كە بۆ داواكردنی مافی خۆی كە موچەكەتی بەشداری چالاكی مەدەنی كردوە.

پارێزەری مامۆستا بەدەل بەرواری وتیشی: تۆمەتی بەدەل بەرواری "تێكدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستانو" كە هەمان ئەو تۆمەتەیە كە پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەكانی دوی هەولێرەوە 5 رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینانی لەسەر سزادراو هەریەكەیان 6 ساڵ حكومدران.

باسی لەوەشكرد: بەهۆی نەبونی هیچ بەڵگەیەكەوە چاوەڕوانن لەلایەن دادگاوە بڕیاری ئازادكردن بۆ مامۆستا بەدەل بەرواری دەربچێت.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×