تره‌مپ بۆ بایدن: هیوادارم لەکاتی کۆبونەوەکەتدا لەگەڵ پوتن خەوت لێنەکەوێت
  2021-06-11       416       
بڕیارە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ١٦ی ئه‌م مانگه‌ لەگەڵ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا كۆببێته‌وه‌، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت، "هیوادارم لەبایدن له‌کۆبونەوەکەدا خەوی‌ لێنەکەوێت".

ئاوێنه‌: دۆناڵد ترەمپ راگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوەو ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە لەقۆناغی سەرۆکایەتی خۆیدا لەگەڵ پوتن لەشاری هێلسنکی-ی فینلەندا کۆبونەوەیەکی زۆر بەرهەمداریان ئەنجامداوەو نوسیویەتی، "بەپێچەوانەی ئەوەی راگەیاندنە درۆزنەکان دەربارەی کۆبونەوەکە بڵاویانکردبووەوە، ئەمریکا لەم کۆبونەوەیەدا رێزی پوتن‌و روسیاو زۆر شتی دیکەی بەدەستهێنا".

سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، دەربارەی کۆبونەوەکەی پوتن‌و بایدن کە بڕیارە لە ١٦ی حوزەیراندا بەڕێوەبچێت، ده‌ڵێت، "هیوای بەختێکی باش بۆ جۆ بایدن دەخوازم. بایدن! لەکاتی کۆبونەوەکەدا خەوت لێنەکەوێت‌و راستگۆیانەترین داواکارییەکانت بەپوتین رابگەیەنە".

ترەمپ، ئەو دۆسیەی لێکۆڵینەوانەی تایبەت بەروسیا لەدژی کرابونەوە، بە "پلانگێڕی هیلاری کلینتۆن‌و پارتی دیموکرات" ناو بردووەو ئاماژەی بەوەش داوە کە سەرەڕای ئەو سەختییانەی بەهۆی ئەم دۆسیەی لێکۆڵینەوەیەوە دروستبون، توانیویەتی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ روسیاو پوتین دروست بکات.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×