2021-06-11   562     
كۆبونه‌وه‌ی لوتکەی حه‌وت وڵاته پیشه‌سازییه‌كه‌ی جیهان ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ژاپۆن‌و ئیتاڵیا -G7- لەبەریتانیا دەستی به‌كاره‌كانی كرد.
ئاوێنه: كۆبونه‌وه‌و كاره‌كانی لوتكه‌ی G7، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی لەناوچەی کۆرنوۆڵ لەبەریتانیا ده‌ستیپێكردو بڕیاره ماوه‌ی سێ ڕۆژ بخایه‌نێت.
روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، گۆڕانی کەش و هەوا، وەرگرتنی باج لەکۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان‌و چونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتیی ئەوروپا تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی G7 ده‌بن.
بۆریس جۆنسۆن، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا رایگه‌یاند، وڵاتانی ئه‌ندام له G7 پلانیان بۆ ئه‌وه داناوه تاكو كۆتایی ٢٠٢٢ بڕی یه‌ك ملیار جورعه ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بۆ وڵاتانی كه‌مده‌رامه‌ت دابین بكه‌ن.
راشیگه‌یاند، "وه‌ك سه‌ركه‌وتنی به‌ریتانیا له‌به‌رنامه‌ی ڤاكسین، ئیدی له‌ره‌وشێكداین ده‌توانین ئه‌و ڤاكسینانه‌ی له‌خۆمان زیادن بیانده‌ین به‌و وڵاتانی پێویستییان پێیه‌تی. به‌ئه‌نجامدانی ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌نێین بۆ له‌ناوبردنی ئه‌م په‌تا جیهانگیره".
جۆنسۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه كه چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن سه‌ركرده‌كانی G7 بڕی یه‌ك ملیار جورعه ڤاكسین به‌وڵاتانی كه‌مده‌رامه‌ت ببه‌خشن.
كۆبونه‌وه‌ی لوتکەی حه‌وت وڵاته پیشه‌سازییه‌كه‌ی جیهان -G7- بۆیەكەمینجار لەساڵی 1975 لەدوای قەیرانی ئابوریی‌و دارایی جیهان‌و قوڵبونەوەی ململانێكانی جەنگی سارد‌و قەیرانی نەبونی سوتەمەنی بەهۆی بایكۆتی هەناردەكردنی نەوتەوە لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە بۆ ئەوروپا، لوتكەی شەش وڵاتە پیشەسازیەكەی جیهان بەبەشداری ( ئەمریكا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا‌و یابان) دامەزراو دواتر كەنەداش بو بەئەندامی لوتكەكە.