هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردو، ژن و پیاوێکی بەتەمەن لە کاتی دابەشکردنی
کارتی ئاهەنگی بوک گواستنەوەی کوڕەکەیاندا بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا.
ئاوێنە: فازڵ
حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا وتی"کاتژمێر
8:30ی خولەكی شەوی رابردو لەسەر شەقامی 120مەتری لەنزیک شوقەکانی جیهان سیتی گەنجێک
کە نیسانێکی تایبەتی لێدەخوڕی کە زۆر تیژڕۆ بو، لەهەمان کاتدا بێ ئاگاش بو لەشەقام
و دەوروبەری، بۆیە خۆی کێشا بە دواوەی شوفرلێتێکی تایبەت کە ژن و مێردێکی بەتەمەنی
تێدابو، شوفرلێتەکە بەهۆی زەبری بەرکەوتنەکە کۆنتڕۆلی لەدەستداو خۆی کێشا بە گادرێلی
ڕاگری تەنیشتی ڕێگایەکە و دوبارە گەڕایەوە ناو شەقام وبەرەو دەرەوەی شەقام ڕۆیشتەوە،
لەپاش ئەوەی گەیشتە سیاجی تەلبەندی شەقامەکە ئینجا وەستا."
وتوشیەتی"بەداخەوە
لەدەرەنجامی ڕوداوەکە ژن و مێردەكە گیانیان لەدەستدا کە لەو کاتە خەریکی دابەشکردنی
کارتی بوک گواستنەوە بون بۆ کوڕەکەیان بەسەر خزم و دۆستانیان جگە لەکەوتنەوەی زیانێکی
زۆری مادی."
وتەبێژی هاتوچۆی
هەولێر وتوشیەتی"سەبارەت بەهۆکاری تیژڕۆیی و بێ ئاگاییەکە کاتێک پرسیار لەگەنجەکە
کرا، هیچ وەڵامێکی پێنەبو، تەنها وتی کە سەرم بڵند کرد زۆر نزیکبوم لەسەیارەکەی پێشم،
بۆیە خۆم پیاکێشا."