حەیدەر شەشۆ: حكومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەك پابەندی رێككەوتنی شنگال نەبوە
  2021-06-12       384       

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزه‌كانی ئێزیدخان لە شنگال بە رایگەیاند، حكومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەك پابەندی رێككەوتنی شنگال نەبوەو تا ئێستاش گروپەکانی سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی لەناو شنگال ماون.

ئاوێنە: حه‌یده‌ر شه‌شۆ، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی وتوشیەتی، نەتەوە یەکگرتوەکان وەك پیویست کاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال نەکردوە، لەکاتێکدا دەیان کەمپی ئاوارەکان له‌ عێراق داخراون و ئاوارەکان گەڕێندراونەتەوە سه‌ر زێدی خۆیان، بەڵام هیچ زەمینەسازیەك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال نەکراوە.

بەقسەی حەیدەر شەشۆ "حكومه‌تی عێراق ئێستا ناونیشانی نوێ به‌و هێز و گروپانه‌‌ ده‌دات، كه‌ به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت شنگال جێبهێڵن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وایه‌تی به‌و هێزو گروپه‌ چه‌كدارانه‌ بدات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شنگال بمێننه‌وه‌، كه‌ له‌ڕاستیدا هه‌ر ئه‌و گروپ و هێزانه‌ن بونه‌ته‌ هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و رێككه‌وتنه، به‌تایبه‌ت چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبی‌."

فەرماندەی هێزه‌كانی ئێزیدخان جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌، "هه‌مو به‌رپرسیارێتی جێبه‌جێنه‌كردنی رێككه‌وتنی شنگال ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراق، كه‌ له‌ڕساتیشدا حكومه‌تی عێراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕی به‌و رێككه‌وتنه‌ نییه‌."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ئاست چاوه‌ڕوانییه‌كانمان نه‌بوه‌ به‌رامبه‌ر به‌و رێككه‌وتنه‌، چونكه‌ له‌ ئه‌ركی چاودێریكردنیدا، هیچ فشارێكی بۆ كاراكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌كارنه‌هێناوه."

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×