ئیف بی ئای: سوپای پاسداران به‌رده‌وامه‌ له‌ پاڵپشتییكردنی رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كان
  2021-06-13       176       

سه‌رۆكی پۆلیسی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا ناسراو به‌ ئیف بی ئای رایگه‌یاند، سوپای قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌ پاڵپشتییكردنی رێكخراوه‌ چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كان و گرووپه میلیشیاكانی كه‌ به‌ به‌ره‌ی به‌رگری به‌ناوبانگن.

كریستۆفه‌ر ره‌ی له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دادوه‌ری ئه‌نجومه‌نه‌ی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا ، كۆنگرێس، رایگه‌یاند: ئێران  به‌رده‌وامه‌ له‌ پاڵپشتی و پشتگیرییه‌كانی خۆی بۆ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی وه‌كو حیزبوڵڵای لوبنان .

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد حیزبوڵا بۆ درووستكردن و په‌ره‌پێدانی شانه‌ی تیرۆریستی كادیرانی خۆی ڕه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان كردووه‌.

وتیشی: ئه‌م زانیارییه‌یان له‌ دوای ده‌ستگیركردنی كۆمه‌ڵێك گومانلێكرای سه‌ر به‌ حیزبوڵڵای لوبنان له‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ست هێناوه‌ دانیان به‌وه‌ ناوه‌  حیزبوڵڵا ده‌یه‌وێت چالاكییه‌كانی له‌  ناو خاكی ئه‌مه‌ریكا په‌ره‌ پێبدات.

كریستۆفه‌ر ره‌ی گوتی: ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێران له‌ ره‌وانه‌ كردنی تیرۆرستیه‌كانی حیزبوڵڵا و میلیشیاكانی شیعه‌ی عێراقی بۆ وڵاتانی جیهان، وه‌ك كاردانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ دێت بۆ گوشاره‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ دژی ئێران.

له‌ ئێستاشدا له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئێران سنوری پیلانگێرییه‌كانی بۆ سه‌رتاسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گواستووه‌ته‌وه‌.

له‌كۆتاییشدا سه‌رۆكی ئێف بی ئای هۆشداریدا له‌وه‌ی كه‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا سه‌رۆكی حیزبوڵڵای لوبنان رایگه‌یاندووه‌، تۆڵه‌ی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای قودس ده‌كاته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×