ئا: گوڵباخ حه‌سه‌ن
له‌كاتێكدا بۆ پیاسه‌كردن له‌نێو بازاڕی شاری هه‌ولێر بوه، مازن هه‌یاس، ته‌مه‌ن ( ) ساڵ، هێزێكی ئه‌منی به‌پڕتاو قۆڵبه‌ستی ده‌كه‌ن‌و ده‌یڕفێنن، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت هێزه‌كه كێن‌و ئایا به‌فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستگیر كراوه‌و بۆچی ده‌ستگیریان كردوه. به‌دوری زیاتر له300 كیلۆمه‌تر له‌هه‌ولێرو له‌شارێكی تری هه‌رێم كه قه‌زای كه‌لاره، عامر سه‌ڵاح، كه گه‌نجێكی خوێندكاره، له‌گه‌ڵ دو هاوڕێی دیكه‌ی، له‌به‌رده‌م پاركێكی شاره‌كه‌و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌و به‌بێ بونی هیچ فه‌رمانێكی ده‌ستگیركردن، به‌سوكایه‌تی‌و لێدان ده‌ستگیر ده‌كرێن.
چیرۆكی مازن‌و عامر، دوانن له‌و ده‌یان چیرۆكه‌ی ده‌ستگیركردنی نایاسایی كه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت. ئه‌و هێزانه هه‌ندێكجار به‌بێ بونی فه‌رمانی دادوه‌ر، په‌نا بۆ ده‌ستگیركردنی هاوڵاتیان ده‌به‌ن.
به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ماده‌ی (37/یه‌كه‌م/ب)، هه‌مو ده‌ستگیركردنێك به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر یاساغ كراوه. له‌و ماده‌یه‌دا به‌ڕونی ئاماژه‌ی داوه "نابێت هیچ كه‌سێك رابگیرێ یاخود لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت ته‌نها به‌بڕیارێكی دادوه‌ری نه‌بێت".
به‌ڵام وه‌ك هه‌ندێك له‌شایه‌تحاڵه‌كان‌و پارێزه‌رو چالاكوانان باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، زۆرجار هێزه ئه‌منیه‌كان كار به‌م ده‌قه ناكه‌ن‌و خۆیان سه‌ربه‌خۆیانه هاوڵاتیان ده‌ستگیرده‌كه‌ن‌و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن‌و ته‌نانه‌ت ئه‌شكه‌نجه‌شیان ده‌ده‌ن.
(ی) پیتی یه‌كه‌می ناوی گه‌نجێكی دانیشتوی پارێزگای سلێمانیه، وه‌كخۆی باسی لێوه‌ده‌كات، چه‌ندینجار له‌ساڵانی 2014 و 2015 و 2016، له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌ستگیر كراوه.
ئه‌و ده‌ڵێت: "ئێمه كۆمه‌ڵێك گه‌نج له‌و ساڵانه‌داو دژ به‌گه‌نده‌ڵی‌و سته‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، چه‌ندینجار چالاكی مه‌ده‌نییمان ئه‌نجامداوه، له‌سه‌ر ئه‌م كارانه‌ش، روبه‌ڕوی گرتن‌و سوكایه‌تی‌و هه‌ڕه‌شه بوینه‌ته‌وه."
ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه هه‌مو جاره‌كان هێزه ئه‌منیه‌كان نه فه‌رمانی دادوه‌ریان پێبوه‌و نه فه‌رمانه‌كه‌یان نیشانداوه، بگره جاری واش هه‌بوه به‌شه‌و ده‌ستگیریان كردوه‌و ته‌نانه‌ت داوای ئه‌وه‌شیان لێكردوه وێنه‌و نامه‌ی ناومۆبایله‌كه‌یان پیشان بدات‌و له‌لێكۆڵینه‌وه‌شدا قسه‌ی ناشرین‌و سوكایه‌تییان پێكردوه.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ی كه گه‌نجه‌كه باسیده‌كات، له‌لایه‌ن پارێزه‌رو یاساناسه‌كانیشه‌وه زانراوه، ئه‌وان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن كه زانیاری‌یان له‌سه‌ر حاڵه‌تی هاوشێوه هه‌یه كه به‌بێ بونی هیچ بڕیارێكی دادوه‌ر، هاوڵاتی ده‌ستگیر كراوه.
ناشاد عومه‌ر، پارێزه‌ر، له‌وباره‌وه ده‌ڵێت "له‌كۆمه‌ڵێك تۆمه‌تی هه‌ستیاردا، هێزه‌كانی ئاسایش یاسای بنه‌ماكانی دادگاییكردن (أصول محاكمات) خراپ به‌كارده‌هێنن‌و به‌بێ بونی فه‌رمانی دادوه‌ر كه‌سه‌كان ده‌ستگیر ده‌كه‌ن."
ده‌شڵێت "هه‌ندێكجار تۆمه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه دروست ده‌كه‌ن‌و به‌پشتبه‌ستن به‌و تۆمه‌ته ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن كه ئه‌مه‌ش بۆخۆی كارێكی نایاساییه."
پارێزه‌ر ئه‌حمه‌د عه‌لی، هاوڕایه له‌گه‌ڵ ناشاد-ی هاوپیشه‌ی، به‌وه‌ی رۆژانه زانیاری‌یان له‌باره‌ی بونی حاڵه‌تی ده‌ستگیركردنی نایاسایی پێده‌گات.
ئه‌و ده‌ڵێت: "له‌یاسای (أصول محاكمات الجزائیه)دا له‌ماده‌ی (92) هاتوه: (نابێت هیچ كه‌سێك ده‌ستگیربكرێت یاخود به‌ند بكرێت، ته‌نها به‌بڕیاری ده‌رچوی دادوه‌ر نه‌بێت)، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان زۆرجار ئه‌م بنه‌ما یاساییه پێشێل ده‌كرێت."
ئه‌حمه‌د، ده‌شڵێت "كه‌سانێك كه هه‌رنازانرێت كێن‌و چین، هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵان‌و كه‌سه‌كان ده‌فڕێنن به‌بێ هیچ بڕیارێكی دادوه‌ر، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی مافی تاكه‌كه‌س‌و دروستكردنی ئاژاوه‌و نائارامیه له‌وڵاتدا".
ئه‌وه‌ی مایه‌ی تێبینیه كه قه‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی نایاسایی له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردودا زیادیكردوه.
به‌پێی ئامارێكی سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ DHRD، ژماره‌ی كه‌یسه‌كانی ده‌ستگیركردنی نایاسایی كه لایان تۆماركراوه، له‌ساڵی 2007 دا 2 حاڵه‌ت بوه، له‌ساڵی 2008 یه‌ك حاڵه‌ت، له‌ساڵی 2015 بۆ 4 حاڵه‌ت رێژه‌كه به‌رز بوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌ساڵی 2016 تاكو ئێستا، 7 حاڵه‌ت تۆماركراوه.
به‌پێی ده‌ستوری عیراق ماده‌ی 15 بڕگه‌ی 19 و 20، هه‌روه‌ها یاسای سزادانی عێراقی له‌ماده‌ه‌ی 322 دا هاتوه كه هه‌ر كه‌سێك له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه بگیرێت یان ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێت به‌سزایه‌ك حوكم ده‌درێت كه له7 ساڵ زیاتر نه‌بێت، هه‌روه‌ها له‌ماده‌ی 324دا سزای دانه‌وه بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه دیاریكراوه كه به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر كه‌سێك ده‌ستگیر ده‌كه‌ن. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه تاچه‌ند هێزه ئه‌منیه‌كان پابه‌ندن به‌م بڕگه یاسایی‌و ده‌ستورییانه‌وه؟
پارێزه‌رێك ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه زانیاریی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر پێشێلكردنی ئه‌م بڕگه‌یه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه، به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه ناتوانرێت ئه‌م زانیارییانه بسه‌لمێنرێت. ئه‌حمه‌د عه‌لی، ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی له‌ڕوی چاوی ئێمه‌یه ئه‌وه‌یه هێزه ئه‌منیه‌كان پابه‌ندن به‌م بڕگه یاساییه‌وه، به‌ڵام من هاوڕێی پارێزه‌رم هه‌بوه كه كه‌یسی پێشێلكردنی مافی هاوڵاتی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایش له‌لا بوه، ئه‌گه‌رچی نه‌یتوانیوه له‌دادگا بیسه‌لمێنێت چونكه قورس بوه سه‌لماندنی".
به‌ڵام پارێزه‌ر ناشاد عومه‌ر، جه‌خت له‌بونی حاڵه‌تی زۆری پێشێلكاریی یاسایی ده‌كاته‌وه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه، له‌نێویاندا ده‌ستگیركردنی هاوڵاتیان به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر.
ئه‌و ده‌ڵێت "پابه‌ندبونی هێزه‌كانی ئاسایش‌و پۆلیس به‌یاساكانه‌وه له‌ئاستێكی خراپدایه، ده‌یان نمونه هه‌یه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، بێگومان هه‌مو ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش وای كردوه خه‌ڵكێكی زۆر بڕوای به‌یاساو دادگا نه‌مێنێت".
به‌رپرسی نوسینگه‌یه‌كی مافی مرۆڤیش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بونی حاڵه‌تێكی زۆری له‌مشێوه‌یه ره‌ت ده‌كاته‌وه، به‌ڵام دان به‌وه‌شدا ده‌نێت كه "حاڵه‌تی ده‌گمه‌ن" هه‌ر هه‌یه.
خه‌بات ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی مافی مرۆڤ له‌گه‌رمیان، له‌وباره‌وه ده‌ڵێت "بڕوام نیه كه‌سێك كه فه‌رمانی گرتنی نه‌بێت بتوانرێت ده‌ستگیر بكرێت، چونكه ده‌زگاكانی جێبه‌جێكردن ته‌نها فه‌رمانی دادوه‌ر جێبه‌جێده‌كه‌ن نه‌ك خۆیان فه‌رمان ده‌ربكه‌ن". ده‌شڵێت "ئاگادار نین كه‌س به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر گیرابێت، ته‌نها ئه‌گه‌ر حاڵه‌تی ده‌گمه‌ن هه‌بێت تایبه‌ت به‌پرسه نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان، كه ئه‌مه‌ش هه‌ر ده‌بێت دادوه‌ر ئاگادار بێت".
به‌ڵام مازن هه‌یاس، ئه‌و گه‌نجه‌ی كه خۆی به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر له‌هه‌ولێر ده‌ستگیر كرا، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه "پرسه نه‌ته‌وایه‌تی‌و ئه‌منیه‌كان" ته‌نها پاساوو روكه‌شن بۆ ده‌ستگیركردنی كه‌سه‌كان.
ئه‌و باس له‌نمونه‌ی ده‌ستگیركردنی خۆی ده‌كات‌و ده‌ڵێت "كه منیان ده‌ستگیر كرد ویستیان بمترسێنن‌و به‌ربه‌ره‌كانێی ده‌سه‌ڵات نه‌كه‌م، بۆیه منیان گرت‌و تۆمه‌تی داعش بونیان دایه پاڵم".
چالاكوانان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌م ماوه‌یه‌ی دواییداو به‌هۆی قه‌یران‌و ناڕه‌زایه‌تییه سیاسیی‌و جه‌ماوه‌رییه‌كانه‌وه، رێژه‌ی ده‌ستگیركردنه‌كانیش هه‌ڵكشاون.
ئاوات محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری DHRD، له‌وباره‌وه ده‌ڵێت "له‌ماوه‌ی رابردو له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی‌و نه‌بونی موچه هاوڵاتیان ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیان لێبه‌رز بوه‌وه، له‌بری وه‌ڵامی مه‌ده‌نیانه ده‌ستكرا به‌گرتنی چه‌ندین كه‌س، هه‌روه‌ها ترساندن‌و تۆقاندنی هاوڵاتیان، كه له‌ماوه‌ی رابردودا چه‌ندین مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌ر ده‌ستگیركران‌و به‌نایاسایی له‌لایه‌ن ئاسیشه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كران به‌بێ بونی فه‌رمانی گرتن له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه".
به‌ڵام پۆلیس، وه‌كو لایه‌نێكی جێبه‌جێكاری ئه‌منی، هه‌مو تۆمه‌تێكی ده‌ستگیركردنی نایاسایی ره‌ت ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو پاساوی تری "یاسایی" بۆ ده‌ستگیر كردنه‌كان هه‌یه.
رائید عه‌لی جه‌مال قه‌دوری، وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان، ده‌ڵێت "له‌حاڵه‌تی شه‌ڕكردن كه پێی ئه‌وترێت تاوانی بینراو (جه‌ریمه‌ی مه‌شهوده) پۆلیس بۆی هه‌یه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه شه‌ڕ ده‌كه‌ن یان تاوانێكی بینراو ئه‌كه‌ن واته ئه‌و تاوانه‌ی كه به به‌رچاوه‌وه ئه‌كرێ یان به‌چه‌ند چركه‌یه‌ك دوای تاوانه‌كه كه‌سێكی گومان‌لێكراو ده‌بینرێت، ده‌ستگیریان بكه‌ن‌و پاشان حاكم ئاگادارده‌كرێته‌وه ".
جه‌ختیشیكرده‌وه ئه‌وان وه‌كو پۆلیس ته‌نها دو جۆر بڕیار جێبه‌جێده‌كه‌ن "ئه‌ویش بڕیاری دادوه‌رو بڕیاری ئیداره‌ی شار یان لیژنه‌ی ئه‌منیه‌و جگه له‌وه ده‌ستگیركردنی دیكه‌مان نییه".
ده‌شڵێت "سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی كه پشێوی له‌خۆپیشاندان دروستده‌كه‌ن ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیرده‌كرێن‌و ته‌سلیم به‌دادگا ئه‌كرێن". جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه "هیچ یه‌كێك له‌م ده‌ستگیركردنانه نایاسایی نین، چونكه ده‌ستگیركردن كاتێك نایاساییه كه كه‌سێك به‌بێ هۆ ده‌ستگیربكه‌یت" .
به‌ڵام عامر سه‌ڵاح، ئه‌و گه‌نجه‌ی چه‌ندینجار به‌هۆی به‌شداریكردن له‌خۆپیشاندانه‌كانه‌وه ده‌ستگیر كراوه، باسله‌وه‌ده‌كات راسته ده‌ستگیركردنه‌كان بێ هۆ نین، به‌ڵام "یاسایی نین به‌ڵكو سیاسیین".
ئه‌و ده‌ڵێت "له‌ساڵی 2007 ه‌وه هه‌تا ئێستا چه‌ندینجار ده‌ستگیر كراوم ته‌نها به‌هۆی به‌شدارییكردن له‌خۆپیشاندان نه‌ك له‌به‌ر پشێویی، چونكه ئه‌و ده‌زگایانه زۆربه‌یان حزبین‌و هه‌مو خۆپیشاندانێك به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی حزبیی به‌پشێویی ده‌زانن نه‌ك داواكردنی مافی ره‌وای میلله‌ت".
لەژمارە ٥٥٢ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە