"پێویسته‌ توركیا رێز له‌سه‌روه‌ری خاك‌و ئاوو ئاسمانی عێراق بگرێت"
  2021-06-13       424       
ليوا یه‌حیا ره‌سوڵ
وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق داوای له‌توركیا ده‌كات رێز له‌سه‌روه‌ری خاكی عێراق بگرێت.

ئاوێنه‌: ليوا یه‌حیا ره‌سوڵ، وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، عێراق رێز له‌سه‌روه‌ری خاكی وڵاتانی دراوسێ ده‌گرێت‌و له‌سه‌ر ئه‌وانیش پێویسته‌ كه‌ رێز له‌سه‌روه‌ری عێراق بگرن.

وتیشی‌، "هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌شێكه‌ له‌سیسته‌می به‌رگری نیشتمانی عێراق‌و قوربانیانداوه‌و له‌گه‌ڵ ئێمه‌ شه‌ڕیان كردووه‌ بۆ رزگاركردنی خاكی عێراق."

وته‌بێژی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق جه‌ختییكرده‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌كانی توركیا، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا هێرشه‌كان سه‌ركۆنه‌ كراون، له‌سه‌ر هه‌مووان‌و توركیاش پێویسته‌ رێز له‌سه‌روه‌ری عێراق بگرن، سه‌روه‌ری خاك‌و ئاوو ئاسمانی عێراق.

ليوا یه‌حیا ره‌سوڵ ڕاشیگه‌یاند، حكومه‌تی عێراقیش كار له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌كات، به‌ڵێ پێشێلكاری رویداوه‌و له‌رێگه‌ی فڕۆكه‌و تۆپخانه‌كانه‌وه‌، ئێمه‌ نامانه‌وێت خاكی عێراق بۆ هیچ هێرشێكی تیرۆریستی دژی هیچ كام له‌وڵاتانی دراوسێ به‌كاربهێندرێت، ئێمه‌ رێز له‌سه‌روه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌گرین، له‌سه‌ر ئه‌وانیش پێویسته‌،‌ رێز له‌ سه‌روه‌ری ئێمه‌ بگرن."
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×