وەزیری دارایی دڵنیایی دەدات كە "هەمو 25ی مانگێك دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرێت"
  2021-06-14       655       

ئەمڕۆ دوشەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم و سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی كۆبوەوە. بەپێی قسەی ئەندامێكی لیژنەكە، وەزیری دارایی پێی وتون، موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواناکەوێت و هەمو 25ی مانگێک لەکاتی خۆیدا دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.

ئاوێنە: بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی وتی: وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی راگەیاندون کە 25ی ھەمو مانگێك موچە لە كاتی خۆیدا دابەشدەكرێت، تا ئێستا ئەم بڕیارەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان وەك خۆیەتی و ھیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتوە."

پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ دوشەممە 2021/6/14، لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری، بەسەرپەرشتی زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەو ئاماده‌بونی جێگری سەرۆكى لیژنەو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، له‌هۆڵی لیژنه‌ له‌ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابورى و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازى كۆبوه‌وه‌.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، کۆبونەوەکە، تایبەت بو بەتاوتوێکردنی ڕاپۆرتی دوەمی لیژنەی باڵای چاکسازی لەموچەو خانه‌نشینى و دەڕماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان له‌هه‌رێمی كوردستان.
لەدەستپێکی كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئاوات شێخ جەناب وه‌زیرى دارایى و ئابوری کۆمەڵێك زانیاری و وردەکاریی پێشکەش بەئەندامانی لیژنە کرد سەبارەت بەڕاپۆرتی دوەمی لیژنەی چاکسازی و دواتر بابەتی کلێشەی بایۆمەتریی خستە گفتوگۆو بەئەندامانی ڕاگەیاند: "کڵێشەی بایۆمەتری لەلایەن وەزارەتی دارایی نێردراوە بۆ وەزارەت و فەرمانگەکان بەمەبەستی دڵنیابونەوە.

لەبەشێکی دیكه‌ی کۆبونەوەکەدا د.عەبدولحەکیم خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی درێژەی بابه‌تی راپۆرتی دوەمی چاکسازیداو تیشکی خستەسەر پرسی پێداچونەوەی دەڕماڵەی فەرمانبەران.

دواتر لەلایەن سه‌رۆك و جێگرو ئەندامانی لیژنەكه‌ کۆمەڵێك پرسیارو تێبینی سەبارەت به‌ڕاپۆرتی دوەمی چاکسازی ئاراستەی وەزیری دارایی و سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی کرا.
بڕیاروایە لەڕۆژانی داھاتودا کۆبونەوەکانی لیژنەكه‌ بەردەوام بن بۆ ئەم مەبەستە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×