مەسرور بارزانی ناردنی پشكی هەرێم لەلایەن بەغداوە پشتڕاست دەكاتەوە
  2021-06-15       753       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان كردوەو گەیشتونەتە رێككەوتنێك كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بگەڕێنرێتەوە.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، كەمێك لەمەوبەر لە تویتێكدا رایگەیاند"ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ مستەفا كازمی، گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبونی هاوبەشمان بۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد."

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی"خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتوینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)."

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستۆتەڕو"سوپاسی سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتییەکەی و هەروەها سوپاسی حکومەتی فیدراڵیم کرد بۆ پشتیوانیکردنی ڕێککەوتنەکە. ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و بە یەکەوە بە سەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بوین."

پێشتر میدیاكانی بڵاویان كردەوە كە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە 200 ملیار دینار بۆ پێدانی شایستەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات، ئەوەش دوای تەواوبونی وردبینیکردنی داتاکانی تایبەت بە داهاتی نانەوتی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئەوەش خرابوەڕو كە ئەو پارەیە لە  1-1-2021ەوە خەرجدەکرێت، بەو پێیەش دەبێت بەغدا یەک ترلیۆن و 200 ملیار دینار وەک شایستەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ خەرج بکات.

بەرلەوەش لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی وتبوی، لەم مانگە یان مانگی داهاتو، موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مژدەی خۆش دەبیستن سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×