لە بەغدا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەخرێنە خوارەوە
  2021-06-16       316       

لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا و لە ئاسمان تەقێنرانەوە.

ئاوێنه‌: شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی نزیک سەربازگەی رەشیدی شاری بەغدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستەخوارەوە، کە تەقەمەنی هەڵگرتبوو. فڕۆکەی دووەمیش لە ناوچەی گرتان لە باشووری شاری بەغدا خرایەخوارەوە، کە ناوچەکە لە بەرپرسیارێتی هێزەکانی لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵی دایە. 

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 10-06-2021 شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە فڕۆکەخانەی بەغدا بە سێ درۆن کراوەتە ئامانج . شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق سەبارەت بە رووداوەکە گوتی: "دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان، بە سێ مووشەک بنکەی ئاسمانی بەلەدیان کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و ماددی هەبێت. جارێکی دیکە درەنگانێکی شەوی چوارشەممە فڕۆکەخانەی بەغدایان لە رێگەی 3 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج، کە فڕۆکەیەک خراوەتە خوارەوە."

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندینجار بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کراونەتە ئامانج.
بەردەوامیی ئەو هێرشانە بۆ سەر بنکە سەربازییەکان کە هێزەکان یان بەڵێندەر و کارمەندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیان تێدایە، هاوکاتە لەگەڵ تۆمەتبارکردنی یەکینەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەی شیعە و نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندینجاری دیکەش، لەرێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا، هەردوو میلیشیای کەتائیبی حزبوڵڵای عیراق و عەسائیب ئەهلولحەق، بە ئاشکرا رایگەیاندووە، تا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەردەوام دەبن لەوجۆرە هێرشانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×