لەبەردەم كونسوڵخانەی ئێران لە لەندەن پۆلیس و هاوڵاتیانی ناڕازی ئێرانی پێكداهەڵپژان
  2021-06-18       481       

ژمارەیەك زۆر هاوڵاتی ئێرانی لە بەردەم كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە لەندەن گردبونەوەو دروشمی دژبە كۆماری ئیسلامی دەڵێنەوەو داوای بایكۆتی هەڵبژاردنەكان دەكەن. پۆلیس لەگەڵ ژمارەیەك لەو خۆپیشاندەرانە پێكداهەڵپژاون و دەستگیری كردون.

ئاوێنە: بەپێی ماڵپەڕی بی بی سی، ئەو كەسانەی لەبەردەم كونسوڵخانەی ئێران لە لەندەن گردبونەتەوە، لایەنداری شاهەنشاهی ئێران، حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری، كۆمەڵە، رێكخراوی ژنانی هەشتی مارس، رێكخراوی فیداییانی كەمینەكان و ژمارەیەك هاوڵاتی دیكەن كە ئەندامی هیچ گروپێك نین بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن.

هاوكات  بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوكراونەتەوە لە ژمارەیەك هاوڵاتی ئێرانی ناڕازیی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاش دەستگیركراون.

لە هەمو هەڵبژاردنێكدا ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەبەردەم كونسوڵخانەكانی ئێران لە وڵاتان گردبونەوە ئەنجام دەدەن بەڵام بەپێی بی بی سی ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر زیاتر بەشدارن لە ناڕەزایەتییەكانداو توندو توڕەترن.

هەروەها بی بی سی ئاماژەی بەوەداوە كە لە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی چوار ساڵ لەمەوبەری، كەسانێكی زۆر كەمتر لە رویان لە كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە لەندەن كردوە بۆ دەنگدان بەجۆرێك كە بەشی دەنگدان لە كونسوڵخانەكە تەواو چۆڵە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×