پرۆسه‌ی‌ هەڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ئێران تا کاتژمێر 12 درێژکرایەوە
  2021-06-18       420       
وتەبێژی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران رێژەی بەشداریکردنی‌ هاوڵاتیان له‌هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاته‌كه‌ی‌ به‌ "باش" وه‌سف ده‌كات‌و ده‌ڵێت، پرۆسه‌كه‌ تا کاتژمێر 12:00ی‌ ئه‌مشه‌و درێژدەکرێتەوە.

ئاوێنه‌: عەباسعەلی کەدخودایی، وتەبێژی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران بەئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، رێژەی بەشداریکردن باشەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران تا کاتژمێر 12:00ی‌ ئه‌مشه‌و درێژدەکرێتەوە.
 
له‌باره‌ی‌ سەرپێچییەکانی‌ دەنگدان، کەدخودایی وتی‌، سەرپێچییەکان په‌یوه‌سته‌ به‌ بەردەوامبونی بانگەشەو کەمیی لاپەڕەی دەنگدان چەند سکاڵایەک تۆمارکراون‌و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
 
ماڵپەڕی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران رایگەیاندووە کە تا کاتژمێر 7ی‌ ئێواره‌ بەکاتی تاران پێنج هەزار 752 سکاڵا لەسه‌ر پرۆسه‌ی‌ هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون.

کاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەكاتی تاران، سیانزەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران دەستیپێكرد.

لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان و هەروەها دەنگدان بۆ پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریی لەو پارێزگا و شارانە کە یەکلایی نەبونەتەوە بەڕێوەدەچێت.

عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەدوای دەنگدانی، داوای لە خەڵك كرد بەشداری بكەن و وتی، تا بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا زیاتر بێت ئەوا پێگەی ئێران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەبێت و جەختیشی كردەوە كە تەنانەت یەك دەنگیش بۆ ئەوان گرنگە.

وێڕای رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆمارو بەشێكی زۆری لە سەركردەو كاندیدەكان دەنگی خۆیان داوە.

چاوەڕوان دەكرێت بەشداریی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەكەدا كەمتر بێت لە چاو خولەكانی پێشوی هەڵبژاردن لەو وڵاتە.

لە هەڵبژاردنەكەدا 59 ملیۆن و 310 هەزارو 307 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، ئەو كەسانەیش كە بۆ یەكەمجارە لەم هەڵبژاردنەدامافی دەنگدانیان هەیە، ژمارەیان یەك ملیۆن و 392 كەسە.

زیاتر لە 66 هەزار سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و زیاتر لە 76 هەزار سندووقی دەنگدانیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان دابین کراون.

بەوتەی سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵبژاردنی 234 سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە 133 وڵاتی جیهان بۆ ئێرانیانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە دانراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×