نازم دەباغ ؛ ئیبراهیم ڕەئیسی كۆمەڵێك گلەیی ئێرانی بەوەفدێكی كوردیدا بەسەرۆكایەتی هۆشیار زێباری ناردووە
  2021-06-19       1200       


نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران ڕایدەگەیەنێت ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئێران چەند مانگێك لەمەوبەر لایەنە كوردیەكانی لە بەغدا بینیووە و چەند ڕاسپاردەیەكی پێداون، جەخت لەسەرئەوەش دەكاتەوە ئێران دژی دانانی دەستور نییە بۆ هەرێم، بەو مەرجەی پێچەوانەی دەستوری عێراق نەبێت.

ئاوێنه‌: نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران، بەدەنگی ئەمریكا-ی ڕاگەیاندووە، ئیبراهیم ڕەئیسی كاتێك سەرۆكی دەزگای دادوەری ئێران بوو، لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی بینیووە و هەندێك ڕاسپاردە و ئامۆژگاری پێداون و ڕەئیسی ورد و درشتی كێشەكانی هەرێم و عێراق ئاگادارە، هەڵبژاردنی كارناكاتە سەر گۆڕینی سیاسەتی ئێران بەرامبەر عێراق و هەرێم، چونكە پەیوەندی ئێران لەگەڵ كورد، مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە.

ڕاشیگەیاندووە، ڕاسپاردەكان پەیوەندیان بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانەكانی ئێرانەوە هەبووە، هەروەها وەفدە كوردیەكەی بەسەرۆكایەتی هۆشیار زێباری لەگلەییەكانی ئێران ئاگاداركردووەتەوە، لەوەی كۆمەڵێك خەڵك لەدادگای ئێران داواكراون و هەڵدێن بۆ عێراق و هەرێم و جێگیردەبن، پێویستە هاوكاری هەبێت تا كەسانی تاوانبار نەتوانن هەرێم بكەنە پەناگەی خۆیان.

دەربارەی ڕای ئێران لەسەر هەوڵی لایەنە كوردیەكان بۆ دانانی دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان، ئاماژەبۆ ئەوەشكردووە، ڕای تایبەتی ئێرانم لانییە، بەڵام تێگەیشتنی خۆم وایە، ئێران لەگەڵ ئەوەدایە، هەرێم وەكو بەشێك لەعێراق، دەستورەكەی پێچەوانەی بنەماكانی دەستوری عێراق نەبێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×