ئەمەریکا دەیەوێت بوونی سەربازیی خۆی له‌ رۆژهەڵاتی ناوەراست کەمبکاتەوە
  2021-06-20       405       

حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێت بوونی سەربازیی خۆی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کەمبکاتەوە.

ئاوێنه‌: رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریکی لەراپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڕیاریداوە سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بەپاساوی مەترسییەکانی ئێران، دەستی بەبەهێزکردنی ئەو سیستەمە کردبوو لەناوچەکە کردبوو.

رۆژنامەکە روونیکردۆتەوە کە پنتاگۆن بەکرداری لە کۆتاییەکانی مانگی شەشدا، هەشت سیستەمی پاتریۆتی لە سعوودییە و عێراق و کوێت و ئورد کێشاوەتەوە، جگە لە کێشانەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ساد" کە لەماوەی رابردوودا لە وڵاتی سعوودییە جێگیرکرابوو.

ئەو رۆژنامەیە بەپشتەستن بە لێدوانی گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا باسی لەوەکردووە کە واشنتۆن نیازی هەیە بەئامانجی دووبارە ڕێکخستنەوەی بوونی سەربازی خۆی لەجیهاندا، ژمارەی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کەمبکاتەوە.

ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا بەسەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، لەدوای کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، ژمارەیەک لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×