قادر حەمەجان: جیاوازی لەنێوان خانەنشیانی هەولێر و سلێمانیدا هەیە
  2021-06-20       767       

قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند، جیاوازی لە نێوان خانەنشینانی هەولێر و سلێمانیدا هەیە و بە موچەی جیاواز خانەنشین دەکرێن. بەقسەی ئەو "هەندێک کەس دەیانەوێت خەباتی پێشمەرگە لەکەدار بکەن." وتی"لە وەڵامیاندا دەڵێین، ئەوەی فیشەک بە رابردومانەوە بنێت تۆپ بە داهاتویەوە دەنێین."

ئاوێنە: قادر حەمەجان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە کۆنگرەی دوەمی پێشمەرگە دێرینەکاندا راشیگەیاند، جیاوازییەکە بە جۆرێکە کە خانەنشینی بۆ پلەی وەزیر لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی سلێمانی بە چوار ملیۆن و 440 هەزار دینار و لە هەولێر بە شەش ملیۆن خانەنشین کراون.

قادر حەمەجان رونیشیکردەوە، "یەکگرتنەوەی پێشمەرگە بۆ گەل و رابردو و ئێستا و داهاتو گرنگە، وتیشی، ئەوان لەگەڵ یەکگرتنەوەی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسیشدان؛ کە بکرێنە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی و دوربن لە هەمو جۆرە دەستتێوەردانێک.

حاکم قادر باسی لەوەشکرد، "ئەم قۆناغە فۆناغێکی هەستیارە و هەمو لایەک لەگەڵ بەرژەوەندی خۆیدایە، پێوستە ئێمەش بزانین بەرژەوەندیمان لەکوێدایە، بەرژەوەندی ئێمە لە یەکڕێزی گەلەکەماندایە"، راشیگەیاند، "رەنگە هەندێک کەس بیانەوێت خەباتی پێشمەرگە لەکەدار بکەن، لە وەڵامیاندا دەڵێین، ئەوەی فیشەک بە رابردومانەوە بنێت تۆپ بە داهاتویەوە دەنێین."


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×