لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری: دەستدرێژییەکانی تورکیا له‌ عێراق هاوشێوەی ئەوه‌یه‌ کە لەسوریا ئەنجامیداون‌
  2021-06-21       710       


ڕاپۆرتی تایبەت بەدەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمى كوردستان ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەران‌و حکومەتى عێراق دەکرێت‌و ئه‌ندامێكى لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریش ده‌ڵێت:"دەستدرێژییەکانی تورکیا لەناوچەکەدا هاوشێوەی ئەو دەستدرێژیانە کە پێشتر تورکیا لەسوریا ئەنجامیداون‌و دەیەوێت لەسەر خاکی عێراقیش دوبارەی بکاتەوە".

كاتع ڕكابى ئەندامی لیژنەکە بەڕۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمی ڕاگەیاندووە، لیژنەکەیان هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی سەبارەت بەدەستدرێژیی‌و دەستتێوەردانەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق‌و هەرێمی کوردستان ڕادەستی هەردوو سەرۆکایەتیی حکومەت‌و پەرلەمان دەکات.

ڕکابی ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکەیان هەفتەی ڕابردوو توانیویەتی سەردانێکی مەیدانی لەسەر دەستتێوەردانەکانی تورکیاو بڕینەوەی دارەستانەکانی ناوچەکە ئەنجامبدات، جگەلەوەی لەسەردانەکەدا ئاگاداری بۆردوومانی بەردەوامی تورکیا بووە بۆسەر خاکی عێراق.

ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری باسی لەوەشکردووە، لەڕاپۆرتەکەدا وردەکاری تەواوی دەستێوەردانەکانی تورکیاو بەکارهێنانەی سەرچاوە سرووشتییەکان‌و بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچەکەو گواستنەوەی بۆ ناوجەی غازی عەنتابی تورکیای لەخۆگرتووە.

ڕونیشیکردۆتەوە، دەستدرێژییەکانی تورکیا لەناوچەکەدا هاوشێوەی ئەو دەستدرێژیانە کە پێشتر تورکیا لەسوریا ئەنجامیداون‌و دەیەوێت لەسەر خاکی عێراقیش دووبارەی بکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×