رایتس ۆوچ: سەرپەرشتیاری لەسێدارەدانە بەكۆمەڵەكان بە سەرۆكی ئێران هەڵبژێردرا
  2021-06-21       454       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، سەركەوتنی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەو وڵاتەدا كە نە هەڵبژاردنێكی ئازادو نە ددپەروەرانە بو، نیگەرانی جدی لەبارەی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران هێناوەتە ئاراوە.

ئاوێنە: رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئیبراهیم رەئیسی ماوەیەكی زۆر لە دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتەدا كاری كردوەو ئەندامی ئەو لیژنە چوار كەسییە بوە كە ساڵی 1988 فەرمانی داوە بە لەسێدارەدانی هەزاران زیندانی سیاسی لە ئێران.

رۆژی 19ی ئەم مانگە، یەك دوای بەڕێوەچونی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی وڵات، وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی بە بەدەستهێنانی لەسەدا 61ی دەنگەكان بۆتە سەرۆك كۆماری نوێی وڵات.

مایكڵ پەیج، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی، دەسەڵاتدارانی ئیران بە سەركوتكردن و بە هەڵبژاردنێكی نادادپەروەرانە، رێگەیان بۆ ئیبراهیم رەئیسی خۆش كرد تا ببێتە سەرۆك كۆمار.

هەروەها وتوشیەتی، رەئیسی لە پێگەی سەرۆكایەتیكردنی دەسەڵاتە دادوەرییە سەركوتكارەكەی ئێراندا، سەرپەرشتی قێزەونترین تاوانەكانی لە مێژوی تازەی ئێرانی كردوەو لەبری ئەوەی بۆ پۆستی باڵاتر هەڵبژێردرێت، دەبو لێكۆڵینەوەو لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرایە.

بەر لە هەڵبژاردنەكان، ئەنجومەنی چاودێری دەستور، كە چاودێری هەڵبژاردنەكانیش دەكەن، بەشێك لە كاندیدەكانیان لە هەڵبژاردنەكە بەبێ خستنەڕو هیچ بەڵگەیەك دورخستنەوە.
رۆژی 20ی ئایار، مەهدی مەحمودیان، چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ و رۆژنامەنوس، رایگەیاند، دەسەڵاتداران لێپرسینەوەیان لەگەڵ دو رۆژنامەنوس كردوە كە تویتەر رەخنەیان لە ئیبراهیم رەئیسی گرتوە.

رێكخراوەكە وتویەتی، ئیبراهیم رەئیسی بۆ ماوەی سێ دەیە، لە دەسەڵاتی دادوەریی ئێراندا كاریكردوە، دەسەڵاتێك كە وەك یەكێك لە پایەكانی سەركوتكاریی لە ئێران كاریكردوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی 1988 هەزاریان زیندانی سیاسییان لەسێدارەدا، بەشێكی زۆری ئەوانە لەدوای دادگاییكردنی ناعادیلانە، بە بڕیاری دادگاكانی شۆڕش سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرابو و لە زیندانەكاندا بون.

هیومان رایتس ۆوچ، ئاماژەی بەوەداوە كە دەسەڵاتی ئێران هیچ كاتێك دانی بەو لە سێدارەدانانەدا نەناوەو هیچ زانیارییەكیشی لەبارەی ژمارەی ئەوانەی لە سێدارە دران ئاشكرانەكردوە، بەڵام لە مانگی ئابی 2016، خانەوادەی كۆچكردو ئایەتوڵا حسین عەلی مونتەزەری، جێگری پێشوی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، فایلێكی دەنگییان بڵاوكردەوە كە تێیدا، مونتەزەری لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ ئەو لیژنەی چواركەسییە كە رەئیسی یەكێك بوە لەوان، رەخنەی توند لەو لەسێدارەدانانە دەگرێت و بە "گەورەترین تاوانی كۆماری ئیسلامی" ناویان دەبات و دەڵێت"مێژو ئیدانەمان دەكات."

رێكخراوەكە ئەوەشی وتوە، ئیبراهیم رەئیسی وەك سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری لە مارسی 2019ەوە، بەرپرسە لە بەكارهێنانی شێوازەكانی رابردوی پێشێلی مافەكانی مرۆڤ لە ئیران، لەوانە: بەكارهێنانی ئەشكەنجە بۆ وەرگرتنی دانپێدانان، روبەڕوبونەوەی كەسانەی ناڕازی ئاشتیخواز بە دادگاییكردنی تەواو ستەمكارانەو رێزنەگرتنی مافەكانی دادگاییكردنی عادیلانە.
لەسەر ئاستی جیهان لەدوای چینەوە ئێران بەرزترین ئاستی لەسێدارەدانی تێدایە.

هەروەها رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە لەماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا كە رەئیسی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری بوە، لە ئێران دەسەڵاتداران بەشێوەیەكی توند روبەڕوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی نێوخۆ بونەتەوە كە لە تشرینی دوەمی 2019دا لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەكاندا بەوتەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لانیكەم 300 هاوڵاتی كوژراون و هەزارانیش دەستگیركراون كە لەسەر ئەوانەش دەسەڵاتدارانی دادوەریی هیچ كەسێكیان روبەڕوی لێپێچینەوەی یاسایی نەكردۆتەوە بەڵام لەبری ئەوەی كەسانی ناڕازییان روبەڕوی دادگاییكردنی ناعادیلانەو سەپاندنی سزا كردۆتەوە.

مایكڵ پەیج وتویەتی، لەبارەی سەركەوتكارییەكانی ساڵانی دوایی ئێران، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی گرنگی لەئەستۆیەو دەبێت سەرۆكانی وڵاتان هاوكاری یەكبن تاوەكو ئێستا لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكان بكات و رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×