ئەحمەد سەفار: مەسرور بارزانی داوای لە كازمی كردوە بڕێك پارە وەك قەرز بۆ هەرێم بنێرێت
  2021-06-21       924       

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی رابردو، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد بڕێك پارە وەك قەرز بۆ هەرێم بنێرێت تا ئەو كاتەی لیژنەی تەكنكی هەردولا لەبارەی جێبەجێكردنی ماددەی 11ی بودجەوە دەگەنە رێككەوتن. دەشڵێت: زۆربەی فراكسیۆنە شیعەكان گوشاریان لە كازمی كردوە تا ئەو پارەیە نەنێرێت.

ئاوێنە: ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە روداوی راگەیاند"گوشارێکی زۆر لەسەر مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە بۆ ئەوەی پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت. بەشێکی زۆر لە لایەنەکان دژی ناردنی پارەکەن و ئەوەش وەک بابەتێکی رێكلامی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن."

ئەحمەد سەفار وتی، هەفتەی رابردو "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردو پێی راگەیاند کە بڕێک پارە وەکو قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت تاوەکو ئەو کاتەی لیژنەی تەکنیکی هەردولا دەگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەو بابەتە لەلایەن راگەیاندنەکانەوە زۆر گەورە کراوە، لەکاتێکدا ئەوەی هەیە قەرزێکی کاتییە تاوەکو ماددەی 11 دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستا ناڕەزایەتی لەسەر ناردنی ئەو قەرزە دروستبوە و دەڵێن، رازی نابن ئەو بڕە پارەیە کە 200 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت."

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان وتی، ئەوەی لەسەر ئەوان بوە وەک پەرلەمانتار لەچوارچێوەی یاسای بودجەی 2021 دا جێبەجێیانکردوەو پێویستە هەرێمی کوردستان چوار بڕگەی ماددەکە جێبەجێ بکات تاوەکو بەغدا دەست بە جێبەجێکردنی بڕگەی پێنجەم بکات، کە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا کازمی هیچ رێگەیەکی لەبەردەمدایە پارە بەناوی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بێ ئەوەی کاردانەوەی لێ بکەوێتەوە؟ ئەحمەد سەفار وتی"ئەوە دەسەڵاتەکانی حکومەتەو دەتوانێت تاوەکو رادەیەک مامەڵە بە پارەوە بکات، چونکە ئەوە قەرزێکە لەنێوان دو لایەندا. هیچ رێگرییەکی یاسایی لەبەردەم ناردنەکەدا نییەو ئەوانەی رێگری دەکەن لەناردنی پارەکە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆخۆیان دەکەن و ئەو بابەتە وەکو بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×