سعودیە : پێویستە ئێران لە بەرامبەر چالاکیەکانیدا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت
  2021-06-23       410       
وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، پێویستە ئێران لە بەرامبەر چالاکیەکانیدا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت و ناچاربکرێت تاوەکو ئەرکەکانی لە بەرامبەر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جێبەجێ بکات.

ئاوێنه‌: لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئەلێکساندەر شالێنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لە ڤیەننا، فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، وەزیری دەرەوەی سعودیە  رایگەیاند: ئەوان لەو پرسانەی کە چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە و لەو پرسیارانەشی کە وڵامنەدراونەتەوە نیگەرانن، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ناکۆکییەکانی نێوان تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. 

لە بارەی گۆڕانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران لە دوای هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی وەکو سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، وەزیری دەرەوەی سعودیە گوتی: "سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە هەموو شێوەیەک لە لایەن رێبەری ئێرانەوە عەلی خامەنەئی بەڕێوەدەبرێت."

ئەو رێککەوتنەی کە ئێستا لە نێوان تاران و ئاژانسەکەی سەر بە یوئێن کاری پێدەکرێت تاوەکو 24ی ئەم مانگە بە کارایی دەمێنێتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی دیکەش رانەگەیێنراوە کە بوار بە ئاژانسەکە بدات چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات. 

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی، "هیچ کێشەیەکی نابێت" لەگەڵ کردنەوەی باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و "گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان هیچ بەربەستێکیان لە پێش نییە."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×