ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە وەزیری پێشمەرگە
و سوپاسالار و چەند بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە بانگھێشتی پەرلەمان بکەین و تێیدا
گفتوگۆ لەبارەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و کێشەکانی پێشمەرگە دەکەین.
ئاوێنە: سەعید ھەرکی،
ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی
پارتی وت"ئێمە وەکو لیژنەی پێشمەرگە لیژنەیەکمان پێک ھێنا بۆ ئەوەی لە کێشە و
گرفتی پێشمەرگە بکۆڵینەوە و بەرنامەیەکمان دانا و سەردانی زۆرینەی میحوەرەکانمان
کردوە و تەنھا میحوەری بادینان ماوە. ئەوانەی خانەقین و قەرەچوغ تەواو بونە و ھەمو
کێشەکانمان دەستنیشان کردون و تەنھا ماوە قسەیان لەسەر بکرێت و گرفتەکان چارەسەر
بکرێن، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە بانگھێشتی وەزیری پێشمەرگە و سوپاسالار و چەند کەسی پەیوەندیدار
بە پێشمەرگە دەکەین."
سەعید ھەرکی وتیشی"جگە لەوەش، باسی کێشەکانی دیکەی پێشمەرگەش دەکەین وەکو
یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و بەتایبەت کێشەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکان."
ھەرکی باسی لەوەش کرد: "بڕیارە دوای ئەوەی بانگھێشتی وەزیری پێشمەرگە
و بەرپرسانی پێشمەرگە دەکەین بۆ لیژنە، دواتر بانگھێشتی وەزیری پێشمەرگە بۆ کۆبونەوەیەکی
تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین."