ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا حكومەت و پەرلەمان لەبارەی بودجە كۆببنەوە
  2021-06-23       138       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێ بڕیاریدا، وزارەتەكانی دارایی، پلاندانان و سامانە سروشتییەكان لەگەڵ لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان كۆببنەوە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران کۆبونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، لەکۆبونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، ڕونکردنەوەی زیاترو پێویستی لەبارەی ژمارەو داتاکانی تایبەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنانی ناو بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕو.

دوای گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوەی چڕ دەربارەی ئەو تێببینی و سەرنجانەی کە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرانەڕو، بڕیاردرا وەزارەتەکانی دارایی و ئابوری و پلاندانان و سامانە سروشتییەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، کۆبونەوەی پێویست ئەنجام بدەن لەگەڵ لیژنە  تايبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان (دارایی و کاروباری ئابوری، سامانە سروشتییەکان و یاسایی)، ئەمە سەرەڕای کۆبونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان، بۆ پێدانی بەرچاوڕونی زیاترو هێنانەدی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا، بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسایەکی شەفاف و گشتگیر ئامادە بکرێت و دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×