٤٥ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانى "لەیلا قاسم"دا تێپەڕی
  2019-05-12       3992       


ئەمڕۆ ٤٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر لەسێدارەدانی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم. لە ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراق لەسێدارە درا.


٤٥ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤ /  ٨ی گوڵان (بانەمەڕ) لەیلا قاسم لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە بەغدا دەستگیر کران. دوای تەنیا دوو هەفتە لە دەستگیر کردنیان رۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ / ٢٢ی گوڵان (بانەمەڕ) لەگەڵ هاوڕێکانی لە بەغدا لەسێدارە دران.
ژنە تێکۆشەری کورد، لەیلا قاسم ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە پارێزگای دیالە لەدایکبووە. باوکی لەیلا کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوتگەی نەوتی ئەڵوەن بوو. دوای خانەنشین بوونی باوکی لە ساڵی ١٩٧١ ماڵیان گواستوەتەوە بۆ بەغدا. لە هەمان ساڵدا لەیلا لە بەشی کۆمەڵناسیی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و بووتە خوێندکار.
زوڵم و زۆردارییەکانی ڕژێمی بەعس لەو کاتەدا کە هەموو چەند ساڵێک بوو لە عێراق دەستەڵاتیان گرتبووە و دەست و بە هەزاران خەڵکیان کۆمەڵکوژ کردبوو، هەستی کوردپەروەری و ئازادیخوازییەکی قوڵ لەلای لەیلا دروست دەکات. بەم شێوەیە بیری ئازادیخوازانەی فراوان دەبێت و لە سالی ١٩٧٠ لە ڕێگەی برا گەورەکەیەوە بەناوی سەلام قاسم، پەیوەندی بە ڕیزەکانی بزاوی ڕزگاریخوازی کوردستانی ئەو سەردەمەوە دەکات.
لەیلا لە نێو خوێندکارە کوردەکانی ئەو سەردەمەی زانکۆی بەغدا پێگە و ڕۆڵیکی دیار و کاریگەری ھەبووە لە هۆشیارکردنەوەی گەنجان و ڕێکخستنیان. هەرچەندە ئەو سەردەمە وا باو بوو کە ژن ناتوانێت خەباتی سیاسی و نیشتیمانپەروەری بکات، بەڵام ئەو رۆحەی لە لەیلادا هەبوو، پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕە باوەی کۆمەڵگە بوو، هەربۆیەشە خۆیشی دژ بە نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش چونکە خۆی لە بەشی کۆمەڵناسیی دەیخوێند، توانیبووی تاڕادەیەک ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردی درک بکات.
دوای تێکچوونی دانووستانەکانی ئەو کاتەی بزاوی ڕزگاریخوازی کوردی لەگەڵ ڕژێمی بەعسی عێراق لە ئازاری ١٩٧٤دا، ھێرشکردنی ڕژێمی بەعس بۆسەر ناوچەکانی کوردستان دەستیپێکرد. لە ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ئەو ساڵە بۆردومانی ھەر دوو شارۆچکەی قەڵادزێ و ھەڵەبجەی ئەو کاتی کرد و دەستی کرد بە ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی خوێندکار و ڕۆشنبیران و گەنجانی ئازادیخوازی کورد.
لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕێژیمی بەعس، کەوتە چاودێرییکردنی ئەو گەنجانەی کە لە ناو شارەکان مانەوە و لەگەڵ خەڵکی کوردستان ڕوویان لە سنوورەکانی ئێران و تورکیا نەکرد. دوای ماوەیەکی کەم و لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩٧٤ / ٨ی گوڵان (بانەمەڕ) لەیلا قاسم لەگەل چوار هاوزانکۆیی بەناوەکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) کە هەرکامیان خەڵکی شارێکی باشووری کوردستان بوون، لە هێرشێکی ھێزەکانی ئاسایش ڕژێمی بەعس لە بەغدا دەستگیر کران.
ڕۆژنامەی (الثورة)ی زمانحاڵی حزبی بەعسی دەسەڵاتدار و هەروەها ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تیرۆریست و گێڕەشێوێن ناوزەد کرد، بەڵام بچوکترین بەڵگەش نەبوو بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشەیەی بەعسییەکان.
لەیلا لە وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە ڕایگەیاندبوو: "بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی هۆشیار دەبنەوە. زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم."
سەبیحەی خوشکی لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکاندا دەگێڕێتەوە : "پێش له‌ سێداره‌دانیان، من و دایكم دوو جار چووینە سه‌ردانی .. جاری یه‌كه‌م له‌یلا داوای جلوبه‌رگه‌ كوردییه‌ تازه‌كانی خۆی کرد بۆی ببەین، پێموت جله كوردییه‌كانت بۆچییه؟ لە وەڵامدا بە زەردەخەنەیەکەوە وتی 'من دوای چه‌ند ڕۆژێكی تر ده‌بمه بووكی كوردسـتان ... خاكی كوردسـتان پێشوازیـم لێده‌كات.. ده‌مه‌وێت به‌‌وپه‌ڕی جوانییه‌وه‌ خاكه‌كه‌م له‌ باوه‌شم بگرێت'".
رژێمی فاشیستی بەعس، بۆ چاوترساندنی خوێندکاران و گەنجان بە گشتی دوای دەستگیرکردنیان لە دادگایەکی نادادوەرانە و چەند خولەکیدا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ لەیلا و هەڤاڵانی دەرکرد. لە کاتێکدا ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو. لە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ساڵی ١٩٧٤ / ٢٢ی گوڵان (بانەمەڕ) ئەو پێنج گەنجەی لەسێدارە دا.
تا ئەو کاتە هیچ ژنە چالاکوانێکی سیاسیی کورد لەسێدارە نەدرابوو. لەیلا بووە سیمبۆلی ژنانی خەباتگێڕ و تێکۆشان لە سەردەمی خۆیدا. ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم جگە لەوەی بە کوردستاندا بڵاو بوەوە، لە جیهانیش دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیەوە هێنا. هەندێک لە چاپەمەنییە جیهانییەکانی ئەوسا ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەک لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراق بڵاوکردەوە.
بەهۆی شۆڕشگێڕیی و تێکۆشانە بێوچانەکەی و شەهیدبونەکەی، لەیلا قاسم بووە هەوێنی چەندان شیعر و چیرۆک و بابەتی ئەدەبی و هونەریی، لە ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی کورد وەک جگەرخوین و هێمن و زۆری تر.

 

لە ANF وەرگیراوە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×