پەرلەمانتارێکی گۆڕان: ئێستا 300 ملیۆن دۆلار لە داهاتى نەوت بۆ موچە تەرخان دەکرێت و لێبڕینی %21 هەر بەردەوامە
  2021-06-24       481       

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ئەوکات 120 ملیۆن دۆلار لە داهاتى نەوت بۆ موچە تەرخان دەکرا و موچە بە لێبڕینى %21 دابەش دەکرا، ئێستا 300 ملیۆن دۆلار لە داهاتى نەوت بۆ موچە تەرخان دەکرێت لێبڕین هەر لە %21".

دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە نوسینێکدا بە ناونیشانی "وەزیرێک دانرا بۆ نەوت و سامانەسروشتیەکانى هەرێم" نوسیویەتی "لە پەرلەمانى کوردستانەوە دەنگ بە وەزیرێک درا بۆ نەوت و سامانەسروشتیەکان (( ئێمە دەنگمان نەدا)) لە گەرمى ڕێککەوتنى هەرێم و بەغداد بوو، کۆبونەوە و هەڵوێست و قسەیەکمان نەبینى، کۆى کێشەکە نەوت بوو. کاتێک دەستبەکاربوو نرخى نەوت نزیکى 30 دۆلار بوو، تا ئێستا نرخى نەوت 78 دۆلارە بێدەنگە".

پەرلەمانتارەکەی کوردستان لەو نوسینەیدا دەشڵێت "ئەوکات 120 ملیۆن دۆلار لە داهاتى نەوت بۆ موچە تەرخان دەکرا و موچە بە لێبڕینى %21 دابەش دەکرا، ئێستا 300 ملیۆن دۆلار لە داهاتى نەوت بۆ موچە تەرخان دەکرێت لێبڕین هەر لە %21 و وتەیەکی نیە! پارەی نەوت لە بانکەکانی تورکیا کێشەی بۆ دروست دەبێت، زۆر کەس ڕونکردنەوە دەدەن ئەو نەبێت".

دەقی نوسینەکەی دابان محەمەد:
دانانی وەزیری سامانە سروشتیەکان بۆ ئەوەبوو بڵێن وەزیرێکمان ھەیە، یان بۆ چاکسازی و شەفافیەتی مەلەفی نەوت بوو؟
بڕیار بوو، لەم کابینەى حکومەتەدا، مەلەفى نەوت شەفاف بکرێت، هەموو مانگێک ئەنجومەنى وەزیران پێمان بڵێن، داهاتى هەرێم لە نەوت و داهاتى نانەوتى چەندە! چەندى بۆ موچە و چەندى بۆ قەرز و چەندى بۆ پرۆژەکان تەرخان دەکرێت! هەر یەک دوو مانگى سەرەتابوو، دواتر نەماو و هیچ داتایەکمان نەبینى.
لە پەرلەمانى کوردستانەوە دەنگ بە وەزیرێک درا بۆ نەوت و سامانەسروشتیەکان (( ئێمە دەنگمان نەدا)) لە گەرمى ڕێککەوتنى هەرێم و بەغداد بوو، کۆبونەوە و هەڵوێست و قسەیەکمان نەبینى، کۆى کێشەکە نەوت بوو. کاتێک دەستبەکاربوو نرخى نەوت نزیکى 30 دۆلار بوو، تا ئێستا نرخى نەوت 78 دۆلارە بێدەنگە. نرخى بەنزین 550 دیناربوو، ئێستا 800 دینار بەرەوژورە، لێدوان و قسەیەکى نیە. ئەوکات 120 ملیۆن دۆلار لە داهاتى نەوت بۆ موچە تەرخان دەکرا و موچە بە لێبڕینى %21 دابەش دەکرا، ئێستا 300 ملیۆن دۆلار لە داهاتى نەوت بۆ موچە تەرخان دەکرێت لێبڕین هەر لە %21 و وتەیەکی نیە! پارەی نەوت لە بانکەکانی تورکیا کێشەی بۆ دروست دەبێت، زۆر کەس ڕونکردنەوە دەدەن ئەو نەبێت.
چەند بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیران هەبوو بۆ پێداچونەوەى مەلەفى نەوت و کەمکردنەوەى خەرجیەکان، ئەویش وەک پێکهێنانى هێزى هاوبەش بۆ خاڵە سنورییەکان تا ئێستا هیچی لێ شین نەبوە. ساناترین کار گۆڕانکارى بوو لە کۆمیتەى بەڕێوەبردنى کێڵگەکان، ئەم کۆمیتەیە سێ کەس بەڕێوەرەی دەبەن لە ناو وەزارەتى سامانە سروشتیەکان (( دیارى یەختەوان، عەدنان سامەڕائى، ئەحمەد موفتى))، ئەرکیان بڕیاردانە لە خەرجى کۆمپانیاکان لە دواى گرێبەستەوە، لە قۆناغى گەڕان و پشکنین تا دەگاتە کۆتایى بەرهەمهێنان، کۆى ئەم خەرجیانە دەکەوێتە ئەستۆى حکومەتى هەرێم!
کۆمپانیا هەیە، تەنیا لە %5 نەوتى هەرێم بەرهەم دەهێنێت و خاوەنى %62 ى کێڵگەیەکە، بەڵام 607 ملیۆن دۆلارى خەرجى ماوە لای حکومەتی ھەرێم وەریبگرێتەوە!!!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×