دژەتیرۆری یەكێتی: هیچ کارمەندو ئەفسەرێکمان نییه بەناوی "زاگرۆس جەوهەر سدیق"
  2021-06-24       2009       

دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی رایگەیاند، ماوەیەكە "كەسێكی گوماناوی و سیخوڕی سەربە دەوڵەت و حزبێكی دیاریكراو بەپیلانی پێشوەختەی دەزگایەكی هەواڵگری...هەوڵی زڕاندنی ناوی دەزگاكەمان دەدات"و رەتیشیدەكاتەوە كە ئەو كەسە بەناوی "زاگرۆس جەوهەر سدیق" كارمەند یان ئەفسەری دەزگاكەیان بێت.

ئاوێنە: لەدوای کوژرانی هونەرمەند جوانڕۆ باڵەبان لە هەولێر، لە هەندێك لە لاپەڕەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە کەسێک بەناوی "زاگرۆس جەوهەر سدیق" دەستی هەیە لە كوشتنی ئەو هونەرمەندەداو "ئەفسەری دەزگای دژەتیرۆرە."

دەزگای دژەتیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتی"ماوەیەکه کەسێکی گوماناوی و سیخوڕی سەربه دەوڵەت و حیزبێکی دیاریکراو، به پیلانی پێشوەختەی دەزگایەکی هەواڵگری و لەڕێی تۆڕێکی پشتیوانیكراو لە پەیجی بێ دایك و باوك، سەرقاڵی چەواشەکردنی وەرگرانی میدیاییەو هەوڵی زڕاندنی ناوی دەزگاکەمان دەدات."

دەزگای دژەتیرۆر ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمه پشتبەستو بە بەڵگەنامەکانی بەردەستمان، بە هەمو لایەك رادەگەیەنین دەزگای دژەتیرور هیچ کارمەندو ئەفسەرێکی نییه بەناوی (زاگرۆس جەوهەر سدیق)، ئەو ناسنامانەش کە بەناوی ناوبراوەوه بڵاوكراونەتەوەو گوایە ئەفسەره له دەزگاکەمان، بەڕونی دیاره که ناسنامەی دروستکراوی ساختەو تەزویرن. بۆ نمونهو بەزۆری فۆتۆشۆپ، لۆگۆی دەزگای دژەتیرۆر خراوەتە سەر ناسنامەی كۆمەڵەی ئەفسەرانی كەركوك و دڵنیابن نە ئێوەو نه هیچ وەرگرێکی ژیر باوەڕ بە ناسنامەی لەم چەشنه ناکات."

جەختیشی كردۆتەوە كە "دەزگای دژەتیرۆر لەڕێی ناوەندی یاسایی تایبەتمەندەوە، سکاڵای خۆی لەسەر ئەو کەسه تۆمارکردوه، که به پیلانی پێشوەختهو بههۆی پێداگریی چەندجارەوه، هەوڵی زڕاندنی ناوی دەزگاکەمان دەدات، ئێمه بەڵێنمان له لایەنه یاساییه دەرەكییه پەیوەندارەکان وەرگرتوه که بەمزوانه لەو ناوچەیەی تیایدا دەژی، دەستی یاسا بگەیەننە سەری."

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×